هیچ ژنێک دەبێتە پارێزگار لە عیراق؟ / نەرمین عوسمان

(0) / / مقالە / زایەڵە نەرمین عوسمان ژنان خانمان کوردستان هەڵاواردن


Jan 25, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، (25٪)ی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە بۆ ژنان دانراوە کە ژمارەیان دەکاتە 275 کورسی، لەو رێژەیەش پێویستە 75 کورسی بۆ ژنان بێت. ئەوەش جێبەجێکردنی سیستمی کۆتایە، لەگەڵ ئەوەی پێویست بوو ژنان ئازایانە بە دەنگی خۆیان سەربکەون و پێویستیان بەو کۆتایە نەبێت، بەڵام روونە هێشتا کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی عیراق لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی دەنگنادات و کاریگەریی حزب، ئایین و عەقڵی دواکەوتووی کۆمەڵگەی لەسەرە.

ئەگەرچی توانای ژنان لە پیاوان کەمتر نییە، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆکاری ئەوەی ژنان لە باڵاترین ئاستدا پۆستەکان وەربگرن، بۆ نموونە لە عیراقدا پۆستەکانی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەدەست پیاوانەوەن، هەموو پارێزگارەکان پیاون، سەرۆک ئەرکانی سوپا، دەزگای هەواڵگری، وەزیری بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی، هەموویان هەر بەدەست پیاوانەوەن.

ئەو کەڵچەرە سیاسییە پیاوانەیە لە عیراقدا ژنی لە ئاستێکدا قبووڵە، ئاستێک کە پێی رەوا نابینێت بیکاتە سەرۆک، تەنانەت دوور لە دەسەڵاتە حکومییەکان، نابینین هیچ سەرۆک حزبێکی کاریگەریش ژن بێت، لەکاتێکدا دەیان ژن لە پۆستەکانی وەزارەت و لیژنە گرنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا توانای خۆیان سەلماندووە، بەڵام رێگەیان نەداون بگەنە هەڕەمی دەسەڵاتە گرنگەکان.

چەند رۆژی داهاتوو هێزە سیاسییەکان رێکەوتن لەسەر دیاریکردنی پۆستی پارێزگارەکان دەکەن کە ژمارەیان 15 پارێزگارە، لە پێشوودا هیچ پارێزگارێکی ژن نەبووە، بەپێی ئەوەی ئێستاش دەبینرێت، رەنگە هەر دەرفەت نەدرێتەوە بە ژنان ببنە پارێزگار، ئەگەر ئەو ئەگەرە بوو بە راستی، ئەوا دەبێتە نەنگی بۆ کۆی هێزە سیاسییەکانی عیراق و لێدان دەبێت لە تواناکانی ژنان کە ژمارەیان 75 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایە.

بەهۆی جیاوازیی ئایینی، نەتەوەیی و مەزهەبیشەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی ژنانی براوە، کێشە و بەربەستەکانی بەردەمیان هەر یەکن، بەڵام هەوڵنادەن فراکیسۆنی تایبەت بە خۆیان دروستبکەن و بیکەنە گوشار بۆئەوەی لانیکەم چەند پارێزگارێک بۆ ژنان بێت، رەنگە ژنیشیان تیابێت هەر بڕوای بەم بیرۆکەیەی من نەبێت و لە پەنا و سێبەری پیاواندا ژیانی رۆتینیی خۆیان بەڕێبکەن.

سەلماندنی تواناکانی ژن و دیاریکردنی سیستمی کۆتا بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەوە نابێت بەشدارییەکی هاکەزاییان پێبکرێت، هەروەها تەنها ژمارەیەک پۆست بەخشین بە ژن ناکاتە بوونی دیموکراسی و ئازادیی راستەقینە، ناشکاتە ئەوەی بووینەتە خاوەن کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و پێشکەوتوو، بەڵکو بەوە دەبێت ژنان هاوتەریبی پیاوان پۆستە سەرۆکایەتی و سیادییەکان وەربگرن، هەروەها دان بە کاریگەریی و وزە و تواناکانیاندا بنرێ.

لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆری ئەو کارە نەکردەیە سووچی پیاوانە، بەڵام ناکرێ ئێمەی ژنانیش دان بە پەرتەوازەیی و کەمتەرخەمیی خۆماندا نەنێین، چونکە ماف نادرێ و دەسەنرێ، بەشی ئەوەش توانامان هەیە لانیکەمی ئەو خەونانەمان بکەینە واقیع.

کۆمەڵگە بێ کاریگەریی راستەقینەی ژن پێشناکەوێ، ژنیش بێ سەلماندنی کاریگەریی خۆی، ئەوەی مافی خۆیەتی وەکو پیاو دەستی ناکەوێ، ئیتر کاتی ئەوەیە و «کەمێ درەنگیشە» بۆئەوەی ژنان ستۆپێک بە سیاسەتی نێرسالارانە بکەن و بەرگی مرۆڤبوونی بەبەردا بکەنەوە