کاردۆ عوسمان هەورامی بۆزایەڵە: بوونی هێزی توركیا هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەكات
(0) /
کاردۆ عوسمان هەورامی وێڕای ئاماژە بەوەی کە بوونی هێزی توركیا هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەكات، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پارتی کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیا هەیە نەك وەڵامی هێرشەكانی ئەو وڵاتە ناداتەوە، بەڵكو هەموو جارێك بیانوویەكیش بۆ هێرشەكان دەهێنێتەوە
کاردۆ عوسمان هەورامی نوسەر لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، توركیا هەموو كات ئامادەیە هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان، كاتێكی دیاری كراو بۆ هێرشەكانی نیە، بەڵام لە كاتی پێویستدا و بە مەبەست هێرشەكانی ئەنجام دەدات، بۆ نموونە لەو كاتەدا هێرش دەكات، كە وەك هەڕەشە وهۆشداری بۆ لایەنێكی هەرێمی كوردستان یان ئەمریكا یان فەرەنسا ئەنجامی دەدات، یان زۆرجار وەك وەڵامی لێدوانێك ئەنجامی دەدات، توركیا هەندێك جار بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی توركیاوە هێرش دەكات، ئەویش بۆ داپۆشینی ئابڕوچونێك یان پێویستی بە كۆكردنەوەی هەست و سۆز.
وتیشی، لە ڕاستیداحكومەتی هەرێم و بەغداد لە ڕووی سەربازییەوە ناتوانن وەڵامی هێرشەكانی توركیا بدەنەوە، چونكە خاوەن هێز و تەكنەلۆژیا وكەرەستەیەكی سەربازی ئەوتۆ نین، كە بتوانن ڕێگری لە هێرشەكان بكەن و بەرپەرچی بدەنەوە، جگە لەوەش لە ئێستاداحكومەتی هەرێم تەواو گوزارشت لە سیاسەتی پارتی دەكات، پارتی حكومەتی كردووە بە لقێك لەخۆی، وەك لای هەموانیش ئاشكرایە پارتی بۆ مانەوەی خۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیا هەیە و ڕێكەوتنی پەنجا ساڵەی لەگەڵیدا مۆركردووە، كە ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار زیان لە هەرێمی كوردستان دەدات بەهۆی فرۆشتنی نەوت لەڕێگای توركیاوە بۆیە پارتی نەك وەڵامی هێرشەكانی توركیا ناداتەوە، بەڵكو هەموو جارێك بیانوویەكیش بۆ هێرشەكان دەهێنێتەوە و پەكەكە بە هۆكاری هێرشەكان دەزانێت.
ڕونیشیکردەوە، هێزی توركیا هەڕەشەی جدی لەسەر ئەمنیەتی هاوڵاتیانی هەرێم دروست دەكات، چونكە لە ماوەكانی ڕابردوودا بەهۆی بوونی هێز و هەواڵگرییەوە چەندین نەیاری خۆیان لە هەرێم دەستگیركردووە،یان زۆر بە وردی ئامانجێكی خۆیان پێكاوە، ئەمە جگە لەوەی بوونی هێزی توركیا، لە داهاتودا هەڕەشە لە قەوارەی هەرێم دەكات، دووریش نیە لە ناكۆكی لەگەڵ توركمانەكان بێتە سەر خەت و ڕاستەوخۆ بەرگریان لێبكات، كە ئەمەش ئەگەرێكی نزیك وچاوەڕوان كراوە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: