پارتی و فەرمانی دەستگیرکردنی سەرکردەو سیاسیەکانی هەرێم؛ لە کۆسرەت ڕەسوڵ و نەشیروان مستەفاوە تا دەگاتە ئەدهەم بارزانی

(0) / / مقالە / زایەڵە ئەدهەم بارزانی کۆسرەت ڕەسوول نەوشیروان مستەفا


Jul 16, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم عەقڵێتە نەبێت کە دەسەڵاتی دادوەری لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، وڵاتانی هاوپەیمانان گورزێکی کوشندەی لێ دەدەن.
پارتی پێشتر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ و مستەفای سەید قادر دەرکردەوەو چەند ساڵیش سزای لەسێدارەدانیان هەبووەو دواتریش هەردووکیان سەرۆک و جێگری سەرۆکی هەرێم بوون، بەڵام ئامانجی پارتی تەنها ئەوە بووە لە هەرێمی کوردستان سەروەری یاسای بخاتە ژێر پرسیارەوەو دادگاکان بۆ چاوسور کردنەوە بەرامبەر نەیارەکانی بەکاربهێنێت.
هەرەوەها لە ٢٠١٦/٦/١٦ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاری دەستگیركردنی نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی دەرکردبوو، بەڵام وەک هەموان بینیان پارتی هەر ئەوکاتیش تەنها دادگاکانی و سەروەری یاسایی لە هەرێم بە ناشرینی نیشانی وڵاتان و دەرەوە داو نەوشیروان مستەفا تا وەفاتیشی کرد پارتی نەیتوانی بیباتە بەردەم دادگاکەی خۆی.
لە دواین بڕیاری پارتی بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەو سیاسیەکانی کورد، پارتی لە ڕێگەی ئاسایش و دادگاکەیەوە فەرمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەدهەم بارزانی دەرکردووە کە ئەوەش بەشێکە لەو ترسە گەورەی هەیەتی بەرامبەر بەو دەنگە ناڕازیانەی کە لە دەوری ئەدهەم بارزانی کۆبوونەتەوەو بەپێی کارنامەی پێشووی ئەدهەم بارزانی، ئەگەر بڕیار بێت بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات بەشێکی هەرە زۆری کاندیدەکانی لیستی ناوبراو لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتیدا دەبێت چوونکە پێگەی جەماوەریی ئەو لەو ناوچەیە و بەتایبەتی لە سنووری دهۆکە، بۆیە پارتی بەو بڕیارە دەیەوێت کۆسپ بۆ ناوبراو دروست بکات. 
هاوکات پسپۆڕێکی یاسایی پێی وایە، دەبێت دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت، بەڵام سەرۆکی پارتی و پارتی بەو بڕیارەی دەستگیرکردنی ئەدهەم بارزانی سەلماندیان کە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان چاونەترس و سەربەخۆ نییەو ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم عەقڵێتە نەبێت کە دەسەڵاتی دادوەری لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، ئەوا وڵاتانی هاوپەیمانان گورزێکی کوشندەی لێ دەدەن.