لە کوردستانەوە بۆ ھیمالایا، لە ھیمالایاوە بۆ کوردستان
(0) /
زایەڵە ـــ تیمی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان سبەی ڕۆژی دووشەممە گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
تیمی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، دوای گەشتێکی سەرکەوتوو لە دەرەوەی وڵات و تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی مێژوویی لە چیا بەرزەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا، گەڕانەوە خاکی ھەرێمی کوردستان و بەشێوەی فەرمی لەلایەن گرووپەکانی شاخەوانییەوە پێشوازییان لێ کرا.
تیمێکی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان کە پێکھاتووە لە ٥ شاخەوان، توانییان سەرکەوتنێکی تەکنیکی و ئەزموونگەرانە لە دیوی ھیندستان و لە زنجیرە چیاکانی ھیمالایا و لە لوتکە شاخی (گانگ یاتسەی ٢) ئەنجام بدەن .
تیمەکە سەرەتا ماوەی ١٢ ڕۆژ لە کەمپێکی سەرو ٥ ھەزار مەتر مانەوە، دوای ئەوەش دوای دووجار ھەوڵدان و بەھۆی نالەباری کەشوھەوای ناوچەکە، سەرەنجام بەرەبەیانی رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، توانیان بە لوتکە شاخی (گانگ یاتسەی ٢) بگەن.
(کانگ یاتسێ ٢)شاخێکە دەکەوێتە کۆتایی دۆڵی مارکا لە زنجیرە چیاکانی ھیمالایا، لە ناوچەی لاداخ، لە باکووری ڕۆژئاوای ھیندوستان و دەکەوێتە پارکی نەتەوەیی ھێمیس و ٦٢٥٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
ئەم لوتکە شاخە، یەکێکە لە لوتکە شاخە سەختەکان و لەھەر چوار وەرزی ساڵدا بە بەفر و سەھۆڵ داپۆشراوە. ھەربۆیە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو لوتکە شاخەدا، تەکنیک، شارەزایی و ئەزموونی زۆری شاخەوانیی و ھەروەھا ئامادەیی جەستەیی پێشوەختەی زۆری دەوێت.
بۆ یەکەم جارە تیمێک لە شاخەوانانی کوردستان ھەنگاوێکی وا ئەزمونگەرانە و ژێرخانیانە دەنێن لە بواری شاخەوانیدا .
زنجیرە چیای ھیمالایا،درێژترین زنجیرە چیای جیھانە. ئەم زنجیرە چیایە ھێڵی دابەشکردنی نێوان شێوە قارەی ھیندستان و فەلاتی "تبت"ە.
ناوی ھیمالایا لە وشەی سانسکریتییەوە ھاتووە کە بە واتای "بەفراوی" دێت.
بەرزترین لوتکەی جیھان بە ناوی ئێڤێرێست کە بەرزییەکەی ٨٨٤٨ مەترە لە ئاستی دەریاوە، دەکەوێتە ئەم زنجیرە چیایە.
ئەم زنجیرە چیایە زیاتر لە پەنجا لوتکەی ھەیە کە بەرزییەکەیان لە سەرووی ٧ ھەزار مەترەوەیە. ھەروەھا سەرجەم ئەو ١٤ لوتکە شاخە بەرزانەی کە بەرزییەکەیان سەرووی ٨ ھەزار مەترییە ، کەوتوونەتە ناو زنجیرەچیای ھیمالایا.
ھیمالایا بەرزترین ناوچەی شاخاوییە لە جیھاندا، درێژییەکەی زیاتر لە دوو ھەزار و ٩٠٠ کیلۆمەترە لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە نێوان وڵاتانی چین، ھیندستان، پاکستان، بۆتان و نیپاڵدا بڵاوبووەتەوە.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
بەشی ڕاگەیاندن
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
تێبينيێك بنێرە: