بانگهێشنامه‌ی فەرمی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی گەیشتە دەستی بەرهەم ساڵح

(0) / / عراق / زایەڵە به‌رهه‌م ساڵح ئایەتوڵڵا ڕەئیسی عێراق ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان


Aug 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

به‌رهه‌م ساڵح بانگهێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێگه‌یشت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، ڕۆژی شه‌ممه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه‌، بانگهێشنامه‌یه‌كی فه‌رمی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێرانی پێگه‌یشت تا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكات.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، به‌رھه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ كۆشكی به‌غداد پێشوازی كرد له‌ ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران.
له‌و دیداره‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاتی دراوسێ و پێویستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌بواری جۆراوجۆره‌كان و كاراكردنی لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتننامه‌كانی نێوان هه‌ردولا له‌كه‌رته‌كانی ئابوری و بره‌ودان به‌ بازرگانی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌كانی عێراق ئامانج لێی ھێنانه‌دی ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، ھه‌روه‌ك چۆن ھه‌وڵێكه‌ بۆ كۆتایهێنان به‌ ئاڵۆزی و بارگرژییه‌كان، عێراق كار ده‌كات به‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌وه‌ی ببێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی په‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی ناوچه‌كه‌.
سه‌رۆك كۆماری عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كۆنگره‌ی به‌غدا بۆ ھه‌ماھه‌نگی و ھاوبه‌شی گۆڕانێكی گرنگه‌ بۆ ھێنانه‌كایه‌وه‌ی ھاریكاری جددی له‌رێگه‌ی دامه‌زراندنی چوارچێوه‌یه‌كی ھاوبه‌ش، تاوه‌كو له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ ناوچه‌كه‌ دابین بكات.
ھه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا به‌رھه‌م ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌رو، دیالۆگ و گفتوگۆ و ھاریكاری گرنگه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ھه‌مو وڵاتان به‌یه‌كه‌وه‌ روبه‌ڕوبوی ئه‌و ئاسته‌نگه‌ زۆرانه‌ ببێنه‌وه‌ كه‌ روی له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌، به‌تایبه‌تی ریشه‌كێشكردنی تیرۆر و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستی و مه‌ترسییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و پاراستنی ژینگه‌، ھاوكات جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سه‌روه‌ری عێراق بنه‌مایه‌كی گرنگی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یه‌.
لای خۆیه‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بانگێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێرانی گه‌یانده‌ به‌رھه‌م ساڵح بۆ سه‌ردانیكردنی ئێران.
ھاوكات پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دوپاتكرده‌وه‌، ھه‌روه‌ھا به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌پێویستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كانی نێوان ھه‌ردو وڵات كرد و ھه‌واڵه‌ دبلۆماسییه‌كانی عێراقشی به‌رزنرخاند بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌.