وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتى هیند ڕاگەیاند

(0) / جهان


Apr 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هیند لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئەنجومەنى هیندى بۆ پەیوەندییە کلتورییەکان بۆ مامۆستا و فەرمانبەر و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى کلتورى هیندى وەک (سەما، مۆسیقا، شانۆ، پەیکەرسازى و زمانە هیندییەکان) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕێگەی لینکێکەوە داوای لەو کەسانە کردووە کە مەرجی تەواویان بۆ خوێندن تێدایە، فۆڕمی داواکاری لە (٣٠/٤/٢٠٢١)ـەوە پڕ بکەنەوە.
لینکی پڕکردنەوەی داواکاری:
https://www.iccr.gov.in/announcement
https://www.iccr.gov.in/sites/default/files/ICCR-SCHOLARSHIP-MANUAL-UPDATED-new.pdf
1. مەرجی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر:
➢ پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
➢ پێشکەشکار ئەگەر لە دامودەزگاکانی هەرێم فەرمانبەر یا مامۆستا بێت، دەبێت لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامەی هەبێت.
➢ دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
➢ تەمەنی پێشکەشکار نابێت لە (٤٥) ساڵ زیاتر بێت.
➢ ئاستی توانستی زمانی داواکراو لەبەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێویستە پێش پێشکەشکردن، تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
➢ داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
➢ کاندیدی دەرچوو ئەگەر دامەزراو بێت، پێویستە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
➢ پێشکەشکردن، ڕاستەوخۆ و تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (هیند) دەبێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە پێویست ناکات ئارەزوومەندان سەردانی وەزارەتی ناوبراو بکەن.
➢ دوا کات بۆ پێشکەشکردن (٣٠/٤/٢٠٢١)ـە.
٢- مەرجی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی دکتۆرا:
➢ پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
➢ پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێم، پێویستە لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامەی هەبێت.
➢ دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠%) کەمتر نەبێت.
➢ دەبێت تەمەنی لە (٥٠) ساڵ زیاتر نەبێت.
➢ ئاستی توانستی زمانی داواکراو لەبەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، پێویستە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێنرێتەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکرێت.
➢ داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
➢ کاندیدی دەرچوو ئەگەر دامەزراو بێت، وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدات واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
➢ کاندیدی دەرچوو لەلایەن وڵاتی هیند پشتگیری دارایی دەکرێت و بۆ زانیاری و وردەکاری زیاتر دەبێت سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکرێت.
➢ پێشکەشکردن، ڕاستەوخۆ و تەنها لەڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە دەبێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە پێویست ناکات ئارەزوومەندان سەردانی وەزارەتی ناوبراو بکەن.
➢ دوا کات بۆ پێشکەشکردن (٣٠/٤/٢٠٢١)ـە.
تێبینى: هەر کەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا بەرجەستە نەبێت، مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.
25 نیسان 2021