ئایەتوڵڵا خامنەیی: کچێکی گەنج کۆچی دوایی کرد کە دڵی ئێمەشی سووتاند / کاردانەوەکان ئاسایی و سرووشتی نەبوو
/
ایران
/
زایەڵە
ئایەتوڵڵا خامنەیی
ئێران
ئەمریکا
زایەڵە – ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: لەم ڕووداوەی کە هاتە پێشەوە، کچێکی گەنج کۆچی دوایی کرد کە دڵی ئێمەشی سووتاند، ئەگەر دۆسیەی ئەم کچە گەنجەش نەدەبوو، بیانوویەکی دیکەیان درووست دەکرد تا ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی نوێی خوێندن لە وڵاتدا ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بخوڵقێنن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 3 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆکانی هێزە چەکدارەکان لە وتارێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە جەختی کرد: بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەم ڕووداوانە پیلانی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و شوێنکەوتووانی ئەوانە. کێشەی سەرەکی ئەوان لە گەڵ ئێرانێکی بەهێز و سەربەخۆ و پێشکەوتنی وڵاتە. گەلی ئێران لەم ڕووداوانەدا بەهێزەوە دەرکەوت و لە داهاتووش لە هەر شوێنێک کە پێویست بکات، بوێرانە دێتە گۆڕەپانەکەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بەوەش دا: لە داهاتووشدا لە هەر شوێنێک کە دوژمنان بیانەوێت کێشەیەک بخوڵقێنن، ئەوانەی کە زیاتر لە هەمووان سنگی خۆیان دەکەنە قەڵغان، گەلی بوێر و ئازا و ئیمانداری ئێرانە.
ڕاشیگەیاند: لەم ڕووداوەی کە هاتە پێشەوە، کچێکی گەنج کۆچی دوایی کرد کە دڵی ئێمەش سووتا بەڵام کاردانەوەکان لە سەر ئەم ڕووداوە کە بە بێ لێکۆڵینەوە و بێ ئەوەی کە شتێکی ڕوون بوونی هەبێت، هەندێک بێن و شەقامەکان ئاڵۆز بکەن، سەرپۆش لە سەر ژنانی موسڵمان دەربێنن، مزگەوت و حوسێنیە و ئۆتۆمبێلی خەڵک بسووتێنن، بەڵێ ئەمە کاردانەوەیەکی ئاسایی و سرووشتی نەبووە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئاژاوەگێڕییانە بە پلانی پێشوەختە بووە و وتی: ئەگەر دۆسیەی ئەم کچە گەنجەش نەدەبوو، بیانوویەکی دیکەیان درووست دەکرد تا ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی نوێی خوێندن، لە وڵاتدا ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بخوڵقێنن.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران زیاتر وتی: من بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەم ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزییانە، پیلانێکی ئەمریکا و ڕژێمی داگیرکار و تەزویری زایۆنیستی بووە و مووچەخۆرانی ئەوان و هەندێک لە ئێرانییە خیانەتکارەکان لە دەرەوەش هاوکاریی ئەوانیان کرد.
ڕاشیگەیاند: لە جیهاندا ئاڵۆزی و ناسەقامگیری زۆر هەبووە، لە ئەورووپا و بە تایبەت لە وڵاتی فەرەنسا و شاری پاریس ماوە ماوە ئەو ناسەقامگیرییە دەبینرێت بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبینراوە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕەکان بەیاننامە دەربکەن. ئایا پەیامی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە بە ئاژاوەگێڕەکان بڵێن لە گەڵ ئێوەین؟ ئایا ئەوە بینراوە کە دەزگا میدیاییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ئەمریکا و ئەورووپا بەم شێوازە پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕەکان بکەن؟ ئەم پاڵپشتییەی ئەوان لە ئێراندا ڕووی داوە. چۆن دەبێت کە هەندێک ئەم دەستێوەردان و دەستە دەرەکییە نابینن و چۆن مرۆڤی ووشیار هەست بەوە ناکات کە لە پشتەوەی ئەم ڕووداوانەدا دەستێکی دیکە هەیە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بەوەی کە هاوخەمی ئەمریکییەکان بۆ مردنی کچێک درۆیە و ئەوان بۆ بە دەستهێنانی ئەم بیانووە خۆشحاڵن، وتی: لە وڵات، بەرپرسانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لێدوانیاندا و هاوخەمی خۆیان دەربڕی و دەزگای دادوەری بەڵێنی بەدواداچوونی تەواوی بۆ دۆسیەکە داوە تا ڕوون ببێتەوە ئەگەر تاوانبارێک هەبێت یان نە، ڕوون ببێتەوە. لێکۆڵینەوە بە واتای ئەمەیە. چۆن دەبێت ڕێکخراوێک و دەزگایەکی گەورەی خزمەتگوزار ئەگەر هەڵەیەکی کردبێت، بەم جۆرە تۆمەتبار بکرێت، هیچ لۆژیکێک لەمەدا نییە و ئەمەش تەنیا کاری دەزگا هەواڵگرییەکان و سیاسەتمەدارانی دوژمنە لە دەرەوەی وڵات.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هۆکاری دەستێوەردان و پیلانگێڕی بیانییەکان وتی: ئەوان هەست دەکەن وڵات بەرەو پێشکەوتنی هەمەلایەنە دەچێت و ئەمەش بۆ ئەوان قبووڵکراو نییە.
تێبينيێك بنێرە: