زیاتر لە 757 هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە

(0) / / عراق / زایەڵە پەنابەری عێراق


Jun 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەوەی خستەڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 20ی حوزەیرانی وەک رۆژی جیهانیی پەنابەران پەسەندکردووە، بۆ ئەوەی گرنگی پاراستنی پەنابەران بەبیر جیهان بخاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری عێراقی لە سەرانسەری جیهان هەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی و بەشێکی وڵاتانی عەرەبی جێگیر بوون.
ئەو بەرپرسەی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی ئاشکراکرد، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ساڵانی 2022-2023 بڵاوکراوەتەوە، 15 هەزار و 214 پەنابەری عێراقی لە سوریا، 61 هەزار و 993 لە ئوردن و زیاتر لە 10 هەزاریش لە تورکیا تۆمارکراون، ئەمە بێجگە لە نزیکەی 132 هەزار پەنابەر کە کەیسەکان چارەسەر نەکراون لەگەڵ شەش هەزار و 500 پەنابەر لە لوبنان.
دەشڵێت، لەنێوان ساڵانی 2023 – 2015 ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییەوە و داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە گەیشتووەتە 757 هەزار و 323 کەس، لەبەرامبەردا عێراق میوانداری نزیکەی 260 هەزار پەنابەری سوری کردووە.
جەختیلەوەش کردەوە، عێراق پێنج جار رووبەڕووی شەپۆلی پەنابەران بەرەو دەرەوەی وڵات بووەتەوە بەهۆی شەڕ و بارودۆخی ئابوری و ئەمنی، هاوکات داوای لە حکومەت کرد پێداویستییەکان بۆ گەڕانەوەیان دابینبکات و هەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی چڕ بکاتەوە بۆ پشتیوانیکردنیان لەو وڵاتانەی کە تێیاندا جێگیرن.

کامەران کەریم