بارزانی: دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین

(0) / / عراق / زایەڵە بارزانی بەغدا


Jul 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەون.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم کۆبووەوە.
 
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە عەممار حەکیم، سەردانەكه‌ی بارزانی بۆ به‌غدا بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد، هەروەها ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی کورد و شیعە دا وەک خاڵێکی هاوبەش بۆ رزگاربوون لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت.
 
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
 
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووه‌تە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
بارزانی هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لە دژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور  و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەون.
 
وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه‌، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان بابەتی نەوت و میزانییە و ئیستحقاقات و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.
 
هەروەها تەئکیدیش لەسەر پاڵپشتیکردنی کابینەی محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق کرایەوە کە دەرئەنجامی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان و بەپشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان پێکهێنراوە.
 
"لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردوودا هەبوونە و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە"، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانی وای وتووه‌.
 
دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 3ی ته‌مموزی 2024، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كۆبوه‌وه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆش درێژه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بدات.