زانیارى لەسەر درۆنەکەى کەرکووک ئاشکرا بوو

(0) / / عراق / زایەڵە درۆن تورکیا عێراق کەرکوک پەکەکە


Aug 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - میدیاى تورکیا زانيارى لەسەر ئەو درۆنە ئاشکرا دەکات کە لە کەرکووک خرایە خوارەوە. بەرپرسێكی باڵا لە هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراقیش پشتڕاستی دەکاتەوە كە ئەو درۆنەی لە كەركوو خراوەتە خوارەوە، توركییە و دەڵێت "بە چەکى عێراقى خستمانە خوارەوە".

میدیاى تورکیا ئاشکراى کرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەى تورکیا کە لە کەرکووک خرایە خوارەوە، لە "جۆرى (ئاکسونگور)ـە". دەشڵێن "درۆنەکە لە ناوچەى چیمەنى کەرکووک سەرقاڵى ئۆپەراسیۆن بووە دژى پەکەکە".

كەمێك لەمەوبەریش، عەمید ڕوكن عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی-ناوچەی باكوور، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە لە گەڕەكی تیسعینی كەركووك، ڕایگەیاند "تیمەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنێكی توركییان خستە خوارەوە".

ناوبراو وتیشی "درۆنەكە كە لە سنووری سلێمانییەوە هاتبوو و لە ئاسمانی ناحیەی چیمەنەوە کایەى ئاسمانیى كەركووكى بەزاند".

ئەو بەرپرسەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە "درۆنەكە بە چەك و هەوڵی عێراق و لەژێر ڕێنماییەكانی فەرماندەی هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق خراوەتە خوارەوە".

بەیانیى ئەمڕۆ دیمەنى کەوتنەخوارەوەى تەنێک بە ئاگرەوە لە ئاسمانى کەرکووک بەدى کرا، دواتر دەرکەوت کە درۆنێکى تورکییە. پاشماوەى درۆنەکە لە گەڕکى تیسعینى کەرکووک کەوتە خوارەوە و زیانى مادیى بە ماڵێک گەیاند و کەسێکیش بریندار بوو.