بەرهەم ساڵح: نابێ شەرم لە پەیوەندیی باش لەگەڵ ئێران بکەین و پشت بە ئەمریکا ببەستین
/
عراق
/
عێراق
زایەڵە
بەرهەم ساڵح
ئێران
ئەمریکا
سەرۆککۆماری عێراق وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەرەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دەداتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە نابێت پشت بە ئەمریکا و هیچ وڵاتێک ببەستین، دەڵێت گومان لەوەدانییە ئەمریکا زلهێزێکی جیهانییە، بەڵام مەرج نییە بۆ هەمیشە لە عێراق بمێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕووداو، بەرهەم ساڵح لە پانێلی کۆنفرانسێکی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە نیویۆرک گوتی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەو پەیامەمان پێدەدات، کە دەبێت بۆ خۆمان چارەسەر بۆ کێشەکانی خۆمان بدۆزینەوە، دەبێت خۆمان دەستپێشخەربین و بەرپرسیاریێتی کێشەکان لە ئەستۆ بگرین.
سەبارەت بە دەستوەردانی ئێران و تورکیا لە کاروباری نێوخۆی عێراق، بەرهەم ساڵح جەختدەکاتەوە کە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە سەرکەوتوو نابێت لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
بەرهەم ساڵح گوتی: "عێراق مەینەتی زۆری بەدەست شەڕی جیۆپۆلیتیکی و شەڕی بەوەکالەتی وڵاتان لەسەر خاکەکەی بینیوە"، بۆیە داوادەکات عێراق لەو بارودۆخەدا ژیرانە مامەڵە بکات و پەند و عیبرەت لەو شەڕانە فێربووبێت کە سەدام حوسێن هەڵی گیرساندوون.
بەرهەم ساڵح قسەی لە بارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران کرد و گوتی: "نابێت شەرم لە هەبوونی پەیوەندی باش لەگەڵ ئێران بکەینەوە"، بەڵام دەڵێت دەبێت پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ بن.
سەرۆککۆماری عێراق داوای پەرەدان بە پەیوەندیێکی سەقامگیر و ئاشتیانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات و دەڵێت دەبێت پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بن، دەشڵێت ئەمە تورکیا و سعودیە و ئەوانی دیکەش دەگرێتەوە و گوتی: "شەڕی بەوەکالەت لەنێو خاکی عێراق بۆ هیچ کەسێک ناچێتەسەر."
تێبينيێك بنێرە: