ڕێبەری باڵای ئێران: کۆماری ئیسلامی بەهێزتر بووە و خەمڵاندنی ئەمریکییەکان بە هۆی ڕاوێژکارە ناپاکەکانیان هەڵەیە

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئەمریکا


Jun 04, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە وتارێکدا جەختی لەسەر بەهێزتربونەوەی حکوومەتی وڵاتەکەی و هەڵەی ئەمریکییەکان لە بەراورد و خەمڵاندنەکان لەمەڕ داهاتووی کۆماری ئیسلامی کرد و هۆکاری هەڵەی ئەمریکییەکانی بۆ ئەو ڕاوێژکارە ئێرانیانە ناوبرد کە بە خائین وەسفی کردن.

ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، وتارێکی پێشکەش و جەختی لەسەر بەهێزتربوونەوەی حکوومەت بە پشت بەستن بە خەڵک کرد.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕایگەیاند: دوژمن دەیەوێت بە شەڕی دەروونی، خەڵک لە بەرانبەر حکوومەتدا دانێ، کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزتربوە و خەمڵاندنی ئەمریکییەکان هەڵەیە. ئەو هەڵەیەش بۆ ڕاوێژی ئەو ئێرانیە ناپاکانەیە کە بەوان ڕاوێژ دەدەن.

ڕاشیگەیاند: لەمەڕ پڕۆژە و خەیاڵی خاوی نەیاران بۆ گەلی ئێران، ئاماژە بە خاڵێک بکەم، ئەمڕۆکە هیوای دوژمن بۆ زەبردان لە وڵات، هیوا بە ناڕەزایەتی خەڵکییە، هیوایان بەوەیە بەڵکوو بتوانن بە شەڕی دەروونی و چالاکی لە ئینتەرنەت و سۆشیاڵ میدیا و گرتنەبەری هەموو جۆرە فرت و فێڵێک و خەرج کردنی پارە لەم ڕێگایەدا گەل لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا دانێن کە ئەم پڕۆژەیە و ئەم بەراورد و خەمڵاندنە وەکوو ئەوانەی پێشووتر، هەڵەیە.

ئاماژەی بەوەش دا: وەک چۆن لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەم حکوومەتە تەمەنی لە شەش مانگ زیاتر تێناپەڕێت و دەڕوخێت و بەردوەام ئەم وتەیانە دووپات دەکردەوە. لەو شەش مانگانە زیاتر لە هەشتاد شەش مانگ تێپەڕیوە و کۆماری ئیسلامی کە ئەو کات نمامێک بوو ئێستا بۆتە درەختێکی ڕیشەدار و پتەو، خەمڵاندنیان لەوێ هەڵە بوو و لێرەش هەڵە دەبێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی لەبارەی هۆکاری هەڵەی ئەمریکییەکان لە پێش بینییەکانیان بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی، ئەمەی بۆ بوونی ڕاوێژکاری ئێرانی ئەوان زانی کە بە ناپاک وەسفی کردن.

ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە نموونەیێکی شەڕی دەروونی دژی ئێران لە میدیاکان کرد و ڕایگەیاند: نموونەی ئەم شەڕە دەروونییە دژی ئێران ئەوەیە کە نەوتی ئێران لە ڕۆخەکانی یوونان دەدزن، پاشان هێزە نەبەرد و نەترسەکانی کۆماری ئیسلامی، وەڵام دەدەنەوە و دەست بە سەر کەشتیی نەوتیی دوژمندا دەگرن، بەڵام لایەنی بەرانبەر لە میدیاکان، ئێران بە دزی تۆمەتبار دەکات! وەرگرتنەوەی ماڵی دزراو، دزی نییە. ئێوەن کە دزن.