ژمارەیەک داعش لە ناوچەی نەفتخانەی دیالە دەستگیر کران

(0)


Feb 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی هەواڵگریی عێراقدا لە ناوچەی نەفتخانەی پارێزگای دیالە،  چەکدارێکی داعش خۆی تەقاندەوە و دوو داعشی دیکەش دەستگیر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕووداو لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاند کە موقەدەم عەلی سوودانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای دیالە خۆی سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە. پێشتر لە ناوچەی نەدا لە رۆژئاوای ناحیەی نەفتخانە چەکدارێکی داعشیان دەستگیر کردووە، ئەو چەکدارە زانیاریی پێداون کە لەو گوندە حەشارگەیەک هەیە سێ چەکداری داعشی تێدایە.

دواینیوەڕۆی رۆژی هەینی 2021/02/19  کاژێر 02:00 دەست بە ئۆپراسیۆنەکە کراوە. لە کاتی چوونیان بە رێنوێنیی چەکدارە دەستگیرکراوەکەی داعش، لە نزیک حەشارگەکە لە گوندی مەحموود عەزیزی سەر بە شارۆچکەی گوڵاڵە چەکدارەکان پێیان زانیون. یەکێک لە چەکدارەکان هەڵاتووە، یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەیشیان دەستگیر کراوە.

ناسنامەی کوژراو و دەستگیرکراوەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام عێراقین.

لەم مانگەدا ئەمە دووەم ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەکانە بۆ سەر چەکدارانی داعش. پێشتریش لە رۆژی 2021/02/12ـدا دوو چەکدارای داعش لە چۆمی شێخ باوە کوژران.