عەدنان عوسمان: پارتی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی گۆڕان هەیە

(0)


Feb 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

عەدنان عوسمان رایگەیاند، "پارتی کاریگەری بەسەر بڕیارەکانی گۆڕان هەیە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی وەکو بەرپرسی لق مامەڵە دەکات نەک وەکو مەرجەع."

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەدنان عوسمان سکرتێری پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "پارتی کاریگەری بەسەر بڕیارەکانی گۆڕان هەیە و عومەر سەید عەلی رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بە پێچەوانەی بۆچوونی نەوشیروان مستەفاوە بەشداری ریفراندۆمی کرد و کەوتە ناو گەمەی ریفراندۆمەوە."

باسی لەوەشکرد، "دەموچاوی کۆن سەرکردایەتی گۆڕان دەکەن ئەسڵەن عومەر سەید عەلی گۆڕان نەبوون کەسی دیکە گۆڕان بوو."

عەدنان عوسمان دەشڵێت، "گۆڕان پێویستبوو لێکۆڵینەوەی بکردایە بۆ ئێمە دەستمان لەکارکێشایەوە و بەشێک لە ئەندامانی گۆڕان وازدەهێنن، بەڵام جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بێدەنگن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە سەردەمی نەوشیروان مستەفادا گۆڕان پۆستی هەستیاری لابوو، بەڵام لە هەڵوێستی سیاسی بێدەنگ نەبوو و نەوشیروان مستەفا راستەوخۆ لە پشت حکومەت نەبوو."

باسی لەوەشکردووە، "سەرکردایەتی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا شکستخواردووە و ئەوانەش وازیان هێناوە لە گۆڕان نەچوونەتە ناو هیچ حزبێکەو."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی دوو گەنجی بە توانان بەڵام گۆڕانکاریمان لە بنبڕکردنی گەندەڵیدا نەبینیووە"، دەشڵێت، "قوباد تاڵەبانی قسەی باشە بەڵام کرداری نییە."

عەدنان عوسمان وتبووشی، "عەقڵیەتی عەسکەرتارییەت زاڵە بەسەر مەسرور بارزانیدا"، وتبووشی، "کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا خاوەنی کۆمپانیای وشەن بەڵام بەشدار نین لە پرۆسەی سیاسیدا."