حکومەتی هەرێم: پابەندین بە هەر بڕیارێک دادگا لەسەر سزادراوانى بادینان ئەیدات

(0)


Feb 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە کەیسى بادینان دەڵێت، پابەندن بە هەر بڕیارێک دادگا لەسەر ئەو بابەتە دەیدات و پێویست بەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە ناکات، وتیشی، ئەو کاردانەوانەی دروستبوون هۆکارەکەی ئەو دۆخەیە کە بەهۆی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنەوە لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ڕەخساوە.  

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا (20ى شوباتى 2021) کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردوە سەبارەت بە کەیسى 5 سزادراوەکەى بادینان و ئەو کاردانەوانەی لەسەرى دروست بووە ئاماژەى بەوەدا، "پێشتر وتومانە کە ڕێز لە دەسەڵاتى دادوەریى و دامودەزگا دادوەرییەکان دەگرین و حکومەتى هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەستوەردان لەو دەسەڵاتە نییە." 

وتیشى، "ئێمە پابەندین بە هەر بڕیارێک دەسەڵاتى دادوەرى یاخود دادوەرەکان لەسەر ئەو بابەتە بیدەن، ئەو بابەتە پێویستى بەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە نەدەکرد و ئێمە لەسەرەتاوە و لە کارنامەى کابینەى نۆیەمدا پشتگیریمان لە سەربەخۆیى و دەستوەرنەدان لە دەسەڵاتى دادوەرى کردوە، بە پێچەوانەوە ئەداى ئەو دەسەڵاتە لەم ماوەیەدا زۆر باشتر بووە و بڕوامان بە سەربەخۆیى و بێلایەنى دادوەریى هەیە." 

جوتیار عادل باسى لەوەشکرد، "ئێمە ئەرکێکى قورسمان لە ئەستۆ گرتوە وەک حکومەت و دەستمان بە چاکسازى کردوە و ئەگەر دەسەڵاتى دادوەریى پشتگیرى ئەو پرۆسەیە نەکات ئەوا ناتوانین بەڵێنەکانمان کە بە خەڵکى خۆمان داوە بیبەینە سەر، دەبێت یەکەمجار ئێمە بڕوامان بە دەسەڵاتى دادوەریى هەبێت بۆ ئەوەى چاکسازى بکەین، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەدا نین دەسەڵاتى دادوەریى بە لاڕێدا ببرێت یاخود بۆ مەرامێکى تایبەتى بەکاربهێنرێت." 

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە سزاکە وتى، ئەمە بڕیارى دادگایە و تێهەڵچونەوە ماوە و بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان ناکەین و تەنها دەمانەوێت دادگا سەروەر بێت