بافڵ تاڵەبانی داوای بەردەوامی یارمەتی هاوپەیمانان دەکات بۆ هێزی پێشمەرگە

(0)


Feb 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری شاندی باڵای هاوپەیمانان داوایکرد بەردەوامبن لە مەشقپێکردن و پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە و راھێنانیان لەسەر بنەمای زانستی سەربازی.

بەپێی ڕاپۆسرتی زایەڵە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای سەربازی هاوپەیمانان کە پێکهاتبون لە جەنەراڵ کەڤن کۆپسی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و جەنەراڵ پرینسپێ، جێگر و نوێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی سەربازی یاوەریان.

بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی هاوسەرۆکان، لە دیدارێکدا کە مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگە و وەستا رەسوڵ، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئامادەبون، گفتوگۆکرا لەبارەی ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتر لەنێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەپێناو سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەکە.

ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جموجوڵەکانی تیرۆریستانی داعش کرد بەتایبەت لە ناوچەکێشەلەسەرەکان و رایگەیاند، هێشتا مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە کۆتاییان نەهاتوە، بۆ ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانانی بە گرنگ وەسفکرد و داواشیکرد بەردەوامبن لە مەشقپێکردن و پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە و راھێنانیان لەسەر بنەمای زانستی سەربازی.