نێچیروان بارزانی: ئاماده‌ین ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كی جدی بكه‌ین

(0)


Feb 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەرێم ئەمڕۆ ئامادەیە ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كی جدی بكات بۆ ڕاست کردنەوەی پڕۆسەی سیاسی عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رێوڕەسمی "شەهیدی نیشتمان" لە هەولێر بەبۆنەی 18ـەمین ساڵیادی شەهیدکردنی محەممەد باقر حەکیم بەڕێوەچوو، کە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانیی عێراقیون ئامادەی بوو. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، كێشەی سەرەكی عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە "نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق دا لە بەڕێوەبردنی عێراق دا، لەبەرئەوەش عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە".  

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی راشکاوانە بكەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، لێرەشەوە لەو یادە پیرۆزەدا ئەو بانگەوازە ئاراستەی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەکانی عێراق رایگەیاند، "هەردوو پێكهاتەی عەرەبیی عێراق کە سوننە و شیعەن، دەزانن هیچ یەكێكیان بەتەنیا و هەردووكیشیان بەبێ كورد ناتوانن هاوسەنگی دروست بكەن، لەبەرئەوەش هاوبەشی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی عێراق دا تاكە رێگەیە بۆ بەڕێوەبردنێكی سەركەوتووانەی عێراق. هەر ئەوەش تاكە رێگەیە بۆ حوكمێكی مەدەنی خزمەتگوزار كە هاووڵاتیانی عێراق دڵخۆش بكات".

لەبارەی سەقامگیریی و پێشکەوتنەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، سەقامگیری و پێشكەوتن و ئاوەدانی هەرێمی كوردستان دەبێ مایەی دڵخۆشی بێت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چونكە ئێمە بەشێكین لە عێراق. ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەشێكی عێراقە و بۆ هەموو عێراقییەكانە. هەروەك چۆن پێشكەوتن و ئاوەدانی نەجەف و كەربەلا و بەسرە و ئەنبار و تكریت پێشكەوتنە بۆ هەرێمی كوردستان.