مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکات

(0)


Feb 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدای کرد و  داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان بگرێتەبەر.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شەوی رابردوو، بە سێ مووشەک هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق. شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیێندراوی لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند، لە میانەی وردبینیکردنیان دەرکەوتووە، سێ مووشەک کەوتوونەتەخوارەوە، دوو مووشەکیان لە ناوچەی سەوز و سێیەمینیان لە ناوچەی حارسییە کەوتوونەتەوە. مووشەکەکان لە گەڕەکی سەلام (تۆپچی)ـەوە ئاراستەکراون و بەهۆیەوە زیان بە چوار ئۆتۆمبێلی سڤیل کەوتووە.

 لەمبارەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەکەی کردووە و داوای کرد حکوومەتی عێراق رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان بگرێتەبەر.

هەروەها نووسیویەتی "نێردە دیپلۆماسییەکان خۆیان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە لە عێراق و هاتوون بۆ ئەوەی هاوکاریی [عێراق] بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بونیادنانەوەی عێراق".

شەوی رابردوو، واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، راپۆرتەکان باس لەوەدەکەن کاژێر 19:25 خولەک بە کاتی بەغدا دوو مووشەک کەوتوونەتەوە و هیچ قوربانی و زیانێکی نەبووە.