ئیرەج مەسجدی: دژی هەبوونی هەموو هێزێكی سەربازیی بیانین لە عێراق و هەرێمی كوردستان

(0) / گفتگو


Feb 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

رۆژی سێشەممە 23ی شوباتی 2021، تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێكی لەنێو باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئەنجامدا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەو هەڤپەیڤینەدا باڵیۆزی ئێران رایگەیاند كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر گەرمن، هەروەها گوتیشی حكومەتی ئێران دژی ئەو دوو فیلمە بوو كە لەسەر هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەولێر بەرهەمهێندرابوون و بوونە هۆی تووڕەبوونی سەركردایەتی لە هەرێمی كوردستان.   هەروەها دەڵێت، ئەوان دژی هەبوونی هەموو هێزێكی سەربازیی بیانین لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا هەڕەشەكانی توركیا لە هێرشكردنە سەر شنگال رەتدەكەنەوەو دەبێ توركیا خاكی عێراق بەجێبهێڵێت و هێزەكانی بگەڕێنەوە سنوورە نێودەوڵەتییەكان.
 هەروەها دەڵێت، ئەوان دژی هێرشكردنە سەر هەولێر و هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانن لە عێراق.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیرەج مەسجدی
سڵاو جەنابی باڵیۆز
ئیرەج مەسجدی: بەناوی خوای گەورە. منیش رێز و سڵاوم بۆ ئێوە و بینەرانی بەڕێزتان هەیە. زۆر خوشحاڵم لەو هەڤپەیڤینەدا و رێز و سڵاویشم هەیە بۆ خەڵکی بەڕێزی کوردستان، بەرپرس و رێبەرانی هەرێمی کوردستانیش. هیوای سەرکەوتنم بۆیان هەیە.

پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی بەڕێز مستەفا کازمی چۆنە، لەهەمان ئاستی ئەو پەیوەندییەدایە کە لەگەڵ حکومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدیدا هەتانبوو؟
ئیرەج مەسجدی: دەبێ بڵێم کە لە دوای رووخانی سەدام و سەرەتای پێکهاتنی حکومەتی نوێ لە عێراق لە دوای 2003ی زایینی، سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەو حکومەتانەی لە عێراقدا پێکهاتن، پەیوەندییەکی بنیاتنەر و کاریگەر بووە.
 هەر لە سەرەتاوە تاوەکو سەردەمی بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی بەردەوام بووە. دوای پێکهاتنی حکومەتی بەڕێز مستەفا کازمیش ئەم پەیوەندییانە بەردەوامە و ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا پەیوەندییەکی باشیان هەیە. هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات و لەگەڵ بەڕێز کازمی و حکومەتەکەیدا پەیوەندییەکی زۆر ئەرێنی و ئیجابی و بنیاتنەرە. بەتایبەت دوای سەردانەکەی بەڕێز کازمی بۆ تاران و دانوستاندنە فەرمییەکانی و هەروەها ئەو رێککەوتنە باشانەی کە کران، ئەم پەیوەندییە باشە بەردەوام بووە. هەروەک باسم کرد، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەگەڵ بەغدا، سوپاس بۆ خودا، پەیوەندییەکی باشمان هەیە.

تائێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراقدا هەیە لەبارەی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئایا هیچ ناکۆکییەک لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەبارەت سنووری نێوانتان هەیە، بەتایبەت کە سەدام حوسێن لە ساڵانی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا رایگەیاند پابەندی ئەو رێککەوتنە سنوورییە نابێت کە ساڵی 1975 لە نێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەبارەوە کراوە؟
 ئیرەج مەسجدی: رێککەوتنی ساڵی 1975ی جەزائیر، رێککەوتنێکە لەنێوان دوو وڵات و لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا تۆمارکراوە. لە سەردەمی سەدام و شەڕدا بەهۆی پێشڕەوی هێزەکانەوە هەندێ جار سنوورەکانمان تووشی کێشە بوونە. عێراقییەکان دەهاتنە نێو سنوورەکانی ئێمە لە هەندێ ناوچە یان ئێران دەهاتە نێو هەندێ ناوچەی خاکی عێراق، بۆیە لە سنوورەکانماندا هەندێ کێشە روویاندا.
 ئێستا پرسی دەستنیشانکردنی سنووری نوێ لە گۆڕێدا نییە، بەڵکو رێکخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بۆ جێگیرکردنی سنوورەکانە، ئەمەش بە هاوکاری هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق جێبەجێکراوە، بەشێکی زۆری ئەم سنوورانە دەستنیشان کراون و خاڵە سنوورییەکان دیاریکراون و ئەمەش کۆتایی هاتووە، هەندێ خاڵی بچووکیش ماوە کە ئێمە دەبێت بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێینەوە و دۆخەکە وەک رابردوو جێگیر بکەین. ئەو شتەی کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە پرسی رێککەوتنی نوێ یان سنووری نوێ لە ئارادا نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی هەر ئەو رێککەوتنەیە کە پێشتر هەبووە، ئەگەر کەموکۆڕییەکیشی هەبێ، ئەوە خەریکە چارەسەر دەکرێت.

 لەسەر پرسی ناوخۆی عێراق، وەک دەزانن هێرشە مووشەکییەکان لەساڵی نوێدا کەمتربوون، بەڵام بەم دواییە دیسان دەستیان پێکردەوە. بەبڕوای ئێوە هۆکاری دروستبوونەوەی ئەو هێرشانە چین؟
 ئیرەج مەسجدی: زۆر راشکاوانە دەڵێم کە لەگەڵ هیچ چەشنە هێرش یان هەڕەشەیەک نیم دژی ناوەندی دیپلۆماسییەکان و دژی هەر وڵاتێک بێت لە عێراقدا. کۆماری ئیسلامی بە تەواوی دژیەتی و ئێمە رەتیدەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین. شوێنە دیپلۆماسییەکان دەبێت ئاسایشی پێویستیان هەبێت و رێزیان لێبگیرێت. جیاوازیش نییە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە، کەوابوو ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین بابەتێکی لەوجۆرە پشتڕاست بکەینەوە، یان قبوڵی بکەین. ئێمە هەر خۆشمان بەداخەوە هێرشی لەمجۆرەی خراپتر و تووندتریشمان کراوەتەسەر. تەماشا بکەن، کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە، لە نەجەفی ئەشرەف، لە کەربەلا، خراپتر لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا هێرشیان کرایە سەر، ئاگریان تێبەردرا، بەڕاستی زیانی زۆریان بەرکەوت. کەوابوو نا، لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەم بابەتە هەڵوێستێکی جدی و روونمان هەیە. ئەویش ئەوەیە کە نابێ شوێنە دیپلۆماسییەکان، جا شوێنی هەر وڵاتێک بن، لە عێراقدا هێرشیان بکرێتە سەر.

هەندێک لایەنی سیاسی هێرشەکانی ئەم دواییەیان رەتکردەوە، ئێوەش پێشتر راتانگەیاندبوو کە لەگەڵ عێراقێکی سەقامگیردان، ئەگەر ئێوە بتانەوێ پەیامێک بۆ ئەو کەسانە بنێرن کە ئەو هێرشانە ئەنجامدەدەن، چییان پێدەڵێن؟
 ئیرەج مەسجدی: کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ ئاسایشی تەواو لە عێراقدا هەبێت. بەبۆچوونی ئێمە هەر کەس ئاسایشی عێراق لاواز بکات، پێشێلی بکات، بەهیچ شێوەیەک ئێمە پشتیوانی لێ ناکەین، پەسندی ناکەین و پشتگیری ناکەین. هەروەها هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان دەتوانن ئەمن و ئاسایش بە باشی لە عێراقدا بپارێزن. بە بڕوای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بۆ عێراق گرنگە کە ئاسایش و ئارامی بۆ هەموو هاونیشتمانییانی عێراق بێتە ئاراوە، هەمووانیش دەبێ یارمەتی هاتنەدی ئەوە بدەن. بێگومان کۆماری ئیسلامیش پشتگیری لەم هەڵوێستە دەکات و دەیەوێ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاسایشی تەواویان هەبێت. لەم پەیوەندییەشدا هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت، دەیکات.

لەسەر داوای عێراق، پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق زیادکرد، ئێران کە دەیەوێ هیچ هێزێکی سەربازیی بیانی لە عێراقدا نەمێنێت، چۆن دەڕوانێتە ئەو هەنگاوەی ناتۆ؟
 ئیرەج مەسجدی: من ئاگام لەوە نییە کە ئەگەر رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و ناتۆدا هاتبێتە ئاراوە، ئەو شتەی ئێوە باسی دەکەن نازانم کە حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی کردبێت یان ژمارەی هێزەکان زیاتر کرابێت یان نا، من زانیارییەکی وردم نییە، بەڵام هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی چییە؟ ئێران پێیوایە پێویست ناکات هێزەکانی دەرەوەی ئەو ناوچەیە لە عێراق، لە هەرێم یان هەر شوێنێکی دیکە هەبن. ئێران پێیوایە کە ئاسایشی ناوچەکە دەبێت لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە دابینی بکرێت، ئاسایشی عێراق، ئۆردن، قەتەر، سعودیە، کوێت یان هەر شوێنێکی دیکە. وڵاتانی ناوچە خۆیان توانای باشیان هەیە، هێزی ئەمنی و سەربازیی بە توانایان هەیە. سوپایان هەیە، هێزی پۆلیسیان هەیە، هێزی ئەمنییان هەیە. هەر لە هەرێمی کوردستان، سوپاس بۆ خوا هێزی پێشمەرگەی زۆر بەهێز هەیە. کەوابوو ئەمە بابەتێکی گشتی و بنەڕەتی و گشتییە. کۆماری ئیسلامی پێیوایە کە ئاسایشی ناوچە، ئاسایشی وڵاتانی ناوچە دەبێت ناوچەکە خۆی دابینی بکات. یان بەهاوکاری یەکتر دابینی بکەن. هێزی دەرەکی پێویست نییە، چ ناتۆ، چ ئەمریکا، چ هاوپەیمانی دیکە، ئەمە روانگە و بۆچوونی کۆماری ئیسلامییەو زۆر جارانیش راشکاوانە دووپاتمان کردووەتەوە و دەرمانبڕیوە. دووەم، ئێمە پێمان وایە هێزە دەرەکییەکان نەتەنیا یارمەتیدەر نابن، بەڵکو دژواری زیاتر دروست دەکەن، ئاڵۆزی زیاتر دروستدەکەن، هەر ئەمە دەبێتە سەرئێشەیەک بۆ ناوچە. ئێوە تەماشا بکەن، ئەو رووداوانەی لە عێراقدا دژی هێزە ئەمریکاییەکان یان لایەنی دیکە روودەدەن، بوونی ئەمانە دەبێتە بیانوویەک بۆ تێکدانی ئاسایش، بۆ کێشە دروستکردن، بۆیە هەڵوێستی ئێران زۆر روون و راشکاوانەیە و هەڵوێستی خۆمان لەم پەیوەندییەدا راگەیاندووە، بەڵام ئەوەی کە وڵاتانی ناوچە چۆن دەجوڵێنەوە، چییان کردووە یان چی دەکەن، ئەوە پەیوەندی بەو وڵاتانە خۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێران بەهیچ شێوەیەک پشتگیری لەمە ناکات، پەسندی ناکات کە هێزی دەرەکی هەبێت، لەعێراقدا بێت یان لە دەرەوەی عێراق.

چۆن دەڕواننە سەردانی ماوەی رابردووی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ عێراق، لەگەڵ لایەنی عێراقیدا گەیشتووەتە چ رێککەوتن و پابەندییەک؟
 ئیرەج مەسجدی: سەردانەکەی بەڕێز رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر باش و سەرکەوتوو بوو و هاوکاری زیاتری یاسایی و دادوەریی لەنێوان ئێران و عێراقدا لێکەوتەوە. لەم سەردانەدا رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن واژۆکران سەبارەت بابەتی جیاواز. بۆ نموونە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی شەهیدبوونی شەهید سلێمانی و بەڕێز ئەبومەهدی مۆهەندیس، یان بابەتی گیراوەکان و پەیوەندیدار بە گیراوەکان، لە پەیوەندیی لەگەڵ بابەتە یاسایی و سنوورییەکان، لە پەیوەندیی لەگەڵ پشتیوانی یاسایی و دادوەریی لە بازرگانەکان و پرسە ئابوورییەکان. بەبۆچوونی من سەردانەکەی بۆ عێراق و بۆ کۆماری ئیسلامیش سەردانێکی باش و سەرکەوتوو بوو. ئەوکات بانگهێشتنامەیەکی دۆستان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیشمان بەدەست گەیشت کە بەڕێز رەئیسی سەردانی ئەوێ بکات. چونکە سەردانەکە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو کە تەنیا سەردانی بەغدا دەکات و دەگەڕێتەوە، ئێمە وڵامی بەڕێزانی هەرێمی کوردستانمان دایەوە کە رەنگە ئەمجارە نەگونجێت، هیوادارم ئینشاڵڵا لە دەرفەتێکی گونجاودا، بەڕێز رەئیسی یان بەرپرسانی دیکەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کێشەیەکی پەیوەست بە دادوەریی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؟
 ئیرەج مەسجدی: ئێمە کێشەیەکی دادوەریمان نییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکو پێموایە دەکرێ پەرە بە هاوکارییە دادوەری و یاساییەکان بدرێت، بەهێز بکرێت و هاوکارییەکان زیاتر بکرێت. لەو بوارانەدا کە هەرێم خوازیارە و هەروەها هەندێ بابەت کە کۆماری ئیسلامی پێویستیی پێی بێت. کەوابوو پیموایە دەبێت، هەروەک چۆن لە بوارە ئابووری، سیاسی و کەلتوورییەکان لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان پەیوەندی زۆر باش هەیە، لە بواری یاسایی و دادوەریشدا بتوانین، هاوکارییەکانمان بەهێز بکەین.

چۆن دەڕواننە رێککەوتنی شنگال، ئێران هیچ تێبینییەکی لەسەر دەقی رێککەوتنەکە و شێوازی جێبەجێکردنی هەیە. ئێوە لەگەڵ ئەوەدان رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت؟
 ئیرەج مەسجدی: بەبڕوای من ئەو شتەی کە گرنگە، خەڵکی شنگالن، دانیشتووانی شنگال. دەبێ ئاسایشیان بۆ دابین بکرێت، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت، خەڵک ئەم ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەش زۆر ئەزیەت و ئازاریان بە دەست داعش و ناسەقامگیرییەوە چێشتووە. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ خەڵکی شنگال لە ئاسایشدا بژین، هەروەها عەشیرەتە جۆراوجۆرەکانی ئەو ناوچەیە. خەڵکی شنگال بۆ کۆماری ئیسلامی جێی رێزن، وەک هەموو ناوچەکانی دیکە. هەر رووداوێک، هەر بڕیارێک، هەر هاوکارییەک کە ئەمەی لێبکەوێتەوە کۆماری ئیسلامیش پشتگیری دەکات، بەڵام لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەم رێککەوتنە، بیستوومە کە هەندێک ناکۆکی هەیە، هەندێ رازین، هەندێ دژایەتی دەکەن، هەندێ بۆچوونی جیاوازیان هەیە هەر لەو ناوچەیەدا. بۆچوونی کۆماری ئیسلامی یارمەتیدانی خەڵکە، خەڵکی ئەوێی بۆ گرنگە، دەیەوێ گرنگی بە دابینبوونی ئەمن و ئاسایشی خەڵکی شنگال بدرێت.

گوتتان ئێوە لەگەڵ ئەمن و ئاساییشی شنگالن، بەڵام تورکیا هەڕەشە دەکات ئەگەر رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکرێت، هێرشدەکاتە سەر شنگال، چۆن دەڕواننە ئەو هەڕەشانەی تورکیا؟
 ئیرەج مەسجدی: تەماشا بکەن، پرسی شنگال چ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە هەیە؟ پرسیکی ناوخۆیی عێراقە و هەر عێراقییەکان خۆیان دەبێ ئەمە چارەسەر بکەن، ئەنجامی لێوەربگرن، بڕیاری لەسەر بدەن. رەنگە بەشێکی پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەبێت، پەیوەندیی بە شنگال خۆیەوە هەبێت، پەیوەندیی بە حکومەتی ناوەندییەوە هەبێت، هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە کە هەڕەشە بکات یان لەسەر ئەم بابەتە بڕیار دەربکات. کەوابوو ئێمە هەرجۆرە هەڕەشەیەک کە لەلایەن تورکیا یان لایەنی دیکەوە بێت، رەتدەکەینەوە.

هیچ ترسێکتان لە زیاتربوونی ئامادەیی هێزەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە؟
 ئیرەج مەسجدی: ئێمە دەستتێوەردانی سەربازی لەنێو عێراقدا رەتدەکەینەوە و هێزەکانی تورکیاش نابێ بەهیچ شێوەیەک هەڕەشەبن لەسەر خاکی عێراق یان داگیری بکەن. دەبێ هێزە عێراقییەکان خۆیان ئاسایش دابین بکەن، هێزەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی خۆیاندا ئاسایش بپارێزن و ئاسایش لە ناوچەکە جێگیر بکرێت. ئیمە ئەوەمان پێ دروست نییە کە تورکیا یان هەر وڵاتیکی دیکە لە عیراقدا دەستتێوەردانی سەربازی بکات یان پێشڕەوی سەربازی بکات، یان هەر بوونی سەربازی هەبێت. سەرنج بدەن، من لە پرسیاری پێشتریشدا گوتم. کەوابوو پێمان وایە تورکەکان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ هێڵ و سنوورە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان و لەوێ جێگیر ببن و ئاسایشی عێراقیش، لەلایەن خودی عێراقییەکانەوە دابین بکرێت.

جەنابی باڵیۆز جۆرێک لە ساردی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێردا هەیە، بۆچی هەمووان هەست بەبوونی ئەو جۆرە ساردییە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا دەکەن؟
 ئیرەج مەسجدی: لە پەیوەندییەکاندا ساردیی لە ئارادا نییە، پەیوەندییەکانی ئێمە و هەرێم پەیوەندییەکی زۆر باش و گەرمە، نازانم ئێوە بۆچی دەڵێن، پەیوەندییەکە ساردە، شتێکتان دیتوە؟ لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی زۆر باش لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، ئێمە و هەریم دۆستین، دراوسێین و پەیوەندیی باشمان هەیە. کەوابوو پێموایە ئەگەر بەم جۆرە پرسیارەکەت بکەی باشترە، یان بەوشێوە بۆی بچین کە چی بکەین بۆ بەهێزترکردنی ئەم پەیوەندییە، چونکە پەیوەندیی رێژەییە، دەتوانێت باش و باشتر بێت. پێموایە کە دەرفەتی زۆر لەنێوان ئێمە و هەرێمدا هەیە. لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، بۆ قوڵترکردنەوەی پەیوەندییەکان، بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان. ئێمە هەمیشە ئامادەین، دۆستانی ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، رێبەرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستانیش هەمیشە پێشوازییان لەمە کردووە، پشتگیرییان کردووە. کێشەیەک لەنێوان خۆمان و هەرێمی کوردستاندا نابینم.

لەسەرەتای ساڵی رابردوودا، ئێران بەمووشەک هێرشی مووشەکیی کردە سەر هەولێر، بەمەبەستی مووشەکبارانکردنی سەربازگەیەکی هاوپەیمانان. دواتریش گرووپەکانی حەشدی شەعبی دوو هێرشی دیکەیان ئەنجامدا کە دوایەمینیان لە 15ی ئەم مانگەدا بوو، ئێوە هیچ داواکارییەکی دیاریکراوتان لە هەولێر هەیە؟
 ئیرەج مەسجدی: لە قۆناخێکدا کە پرسی شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی لەئارادابوو و ئەمریکییەکان ئەم تیرۆرەیان کردبوو، کۆماری ئیسلامی دەبوو وەڵامی ئەمە بداتەوە. رووداوەکەش لەنێو خاکی عیراقدا روویدابوو. پێشتر گوتبوومان کە ئەگەر ئەمریکییەکان هەڕەشە لە ئێران بکەن، یان کردەوەیەک دژی ئێمە ئەنجام بدەن، ئیمە کاردانەوەمان دەبێت. کەوابوو هەوڵی کۆماری ئیسلامی دژی ئەمریکییەکان بوو نەک دژی هەولێر و بەغدا و هیچ شوێنێکی دیکە. دووەم ئەوەی کە ئەوان دەستیان پێکرد، ئەوان فەرماندەی ئازیز و شەهیدی ئێمەیان تیرۆر کرد، کەوابوو وەڵامی ئێران وەڵامدانەوەی کارەکەی ئەمریکا بوو. لەپەیوەندیی لەگەڵ هەولێر، هەرێمی کوردستان دۆستی ئێمەیە، رێزمان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە یان هێرشێک دژی هەولێر یان هیچ شوێنێکی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجام نادات. دەستی دۆستایەتی و برایەتی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمیشە لەنێو دەستی یەکتردایە. بۆیە دەڵێم کە ئێران و هەرێم هیچ کێشەیەکیان پێکەوە نییە. لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو بابەتەی حەشدی شەعبی، بەڕاستی من هیچ زانیاریم نییە لەسەر ئەو بابەتەی کە باستان کرد کە هەڕەشە، هێرش یان کێشەیەک بووە، بەڵام ئەوەی دەڵێم کە ئێران زۆر بە تووندی دژی هەرجۆرە هێرشێکە بۆسەر هەولێر. هێرش بۆ ئەو ناوەندانەی کە لەم نیشتمانەدا هەیە، ئەو ناوەندە دیپلۆماسییانەی کە لەوێ هەیە، ئێمە بە تووندی دژی ئەوەین و رەتیدەکەینەوە. هەروەها لە پەیوەندیی لەگەڵ پرسەکەی ئەم دواییەش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێمە بە راشکاوانە هەڵوێستی ئێرانی دەربڕی، کەوابوو پێمانوایە ئەم جموجۆڵانە هۆکاری پشێوین، هێرش بۆ هەولێر ئیدانە دەکەین و رەتیدەکەینەوە. پێمانوایە ئاسایش لەوێ دەبێت هەمیشە جێگیر و بەردەوام بێت و حکومەتی هەرێم و رێبەرانی هەرێم جێی رێزن بۆ ئێمە، دژی هەر هەوڵێکین کە بیەوێ حکومەتی هەرێم لاواز بکات یان تووشی نائارامی و پشێوی بکات، لە هەولێر یان لەهەر شوێنێکی دیکەی هەرێم، سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە. دەبێ ئەمانە لە ئاسایشی تەواودا بن و کۆماری ئیسلامی هەمیشە پشتیوانی لە ئاسایشی ئەوێ دەکات و یارمەتی دەدات.

لەکاتی هێرشی داعشدا دەگوترێت ئێوە لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا بوون و بەشداریتان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کردووە و ماوەی 45 رۆژیش لە کوردستان لەوکاتەدا ماونەتەوە. کێ بوو لەناو کۆماری ئیسلامی بڕیاری هاوکاری هەرێمی کوردستانی دا؟
 ئیرەج مەسجدی: کاتێک داعش هێرشیکرد و بووە مەترسی بۆسەر هەرێمی کوردستان و دەستی بەسەر هەندێ ناوچەی هەرێمدا گرت، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەرێم هاوکاری کرد و خوشحاڵین کە بۆ لەنێوبردنی داعش لەو ناوچەیە لەگەڵ هەرێم هاوکاریمان هەبوو و هاوکاریمان کرد، بەڵام شتێک کە من دەبێ بیڵێم و بۆچوونی من و بۆچوونی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پێشمەرگەی قارەمان و شەهیدانی پێشمەرگە و فەرماندەکانی هەرێم، رۆڵی سەرەکی و دیاریان هەبوو لە لەنێوبردنی داعش دا. کۆماری ئیسلامی هاوکاریی کرد، هەرێمی کوردستان هەزاران شەهیدی پێشکەش کرد، ئێمە بەهیچ شێوەیەک بەرەنگابوونەوە لەگەڵ داعش، شەهیدانی هەرێمی کوردستان، گەنج و ئەو پێشمەرگە بەڕێزانەی کە رۆڵی گرنگیان لەم بابەتەدا هەبوو، ناتوانین لەمێژوودا لەبیریان بکەین. سەرداری رێزدار، بەڕێز شەهید سولەیمانی، من و هەندێ لە هاوکارەکانمان لە تەنیشت ئەوان، وەک راوێژکار، بەڵێ یارمەتیماندان ، خوشحاڵیشین. هەروەها بەڕێز بارزانی، بەڕێز مەسعود بارزانی و بەرپرسانی دیکەی هەرێم بەڕاستی رێزیان لەم هاوکارییە گرت، سوپاسیان کرد، ئێمەش بۆ ئەو بابەتە خوشحاڵین.
 
جەنابی باڵیۆز ئێوە پێتانوایە کە هەولێر دەکەوتە دەست داعش ئەگەر هاوکاری کۆماری ئیسلامی نەبووایە؟
 ئیرەج مەسجدی: بارودۆخی ئەو قۆناخە قەیرانی بوو، دۆستانی ئێمە، رێبەرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان بەڕاستی نیگەران بوون لەوەی کە نەوەک داعش دەست بەسەر رووبەرێکی زیاتری هەرێمی کوردستاندا بگرێت. دۆخەکەش زۆر ئاڵۆز بوو، هێرشەکانی داعشیش خێراتر ببوون. بەبۆچوونی من، نیگەرانییەکانیش دروستبوون، سرووشتی بوون، بەڵام سوپاس بۆ خوا و بەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندە زۆر دلێرەکانی کوردستان ئەم نیگەرانییە زۆر بە خێرایی رەویەوە. واتە هەرێم توانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، پێشڕەوی داعش رابگرێت و ئەو ناوچانەی کە داعش داگیری کردبوون، وەک مەخموور، وەک گوێڕ، یان هەندێ ناوچەی دیکە، سوپاس بۆ خوا بەخێرایی بە پلان و ئۆپەراسیۆنی خێرا، ئازادیان بکەن. بەڕاستی لەم گۆڕەپانەدا پێشمەرگە ئازاکان لێهاتوویی خۆیانیان نیشاندا. ئێرانیش چونکە ئەزموونێکی گەورەی لە شەڕ لەگەڵ داعشدا هەبوو، لە سووریا یان لە پێشتریش، ئامادەبوونی بەڕێز سولەیمانی، شەهیدی ئازیزمان و دۆستانی کۆماری ئیسلامیش یارمەتیدەر بوون بۆ بەڕێزانی هەرێم بۆ لادانی ئەم قەیرانە. سوپاس بۆ خوا ئەم نیگەرانییە رەوییەوە و هەرێم زیانێکی قورسی بەرنەکەوت. ئاسایش بۆ هەولێر گەڕایەوە، ناوچەکانی دیکەش بە هەمانشێوە. ئەو ناوچانەی کە دەستیان بەسەرداگیرابوو، دیسان کۆنترۆڵکرانەوە و ئێمە دیتمان کە ئاسایشی پێویست بۆ هەرێم گەڕایەوە و داعش لەوێ سەرکوتکرا و ناچارکرا کە بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان پاشەکشێ بکات.

ژمارەی ئەو راوێژکارانە چەند بوون و ئەو هاوکارییانە چیبوون کە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا پێشکەشتان کردن؟
 ئیرەج مەسجدی: ئێمە بە چەند گەشتێکی ئاسمانی توانیمان بە خێرایی هێزی یارمەتیدەر و کەلوپەلی سەربازی و پێداویستییەکان، دوای چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ بەڕێز بارزانی هەمانبوو، بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر بگوازینەوە، لەوێش راویژکار و هێزە پشتیوانەکانمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کەوتن و سوپاس بۆ خودا هەوڵی کاریگەریاندا.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ناڕەزایی فەرمی لەبارەی دوو فیلمەوە کەباس لە هێرشی داعش دەکەن بۆ سەر هەولێر، داوەتە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەو فیلمانە کەمکردنەوەیە لە شکۆی پێشمەرگە و بێڕێزییە بە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان. ئایا ئێوە بەفەرمی وەڵامی ئەو نامەی ناڕەزاییتان داوەتەوە؟
 ئیرەج مەسجدی: بەڵێ، بەبۆچوونی من هەر کەس کە ئەم فیلمەی دروستکردبێت، فیلمێکی زۆر خراپە، دیارە هەم بەڕێز بارزانییان نەناسیوە، هەم بەڕێز سولەیمانیش. قوتابخانەی بەڕێز سولەیمانی قوتابخانەیەکی خاکەرا بوو، خزمەت بوو، یارمەتیبووە بەبێ منەتکردن. لەلایەکی دیکەش بەڕێز بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان بەدرێژایی مێژوو خەباتیان کردووە، هەوڵیانداوە، زەحمەتیان کێشاوە، بەبڕوای ئێمە ئەو فیلمە، فیلمێکی زۆر خراپ بوو. هەڵبەتە پێموایە شتێکی ئەوەندەش گرنگ نییە، پێویست ناکات هێندە دووبارە بکرێتەوە یان گەورە بکرێتەوە، بەڵام هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستێکی فەرمی و روونە، ئەم فیلمە رەتدەکرێتەوە، نەک تەنیا لە بەڕێز بارزانی، بەڵکو پیمانوایە کەسایەتییەکی باش لە شەهیدی گەورە بەڕێز سولەیمانیش ناخاتەڕوو. ئێمە لە هەردوو لاوە ناڕەزایەتیمان هەیە و لەو بابەتە ناڕەحەتین. هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی روونە لەبارەی پێشمەرگەکان و سەرکردایەتی کوردستان و بەڕێز بارزانی و هەموو بەرپرسانی هەرێم. خوا لە دکتۆر رۆژ خۆشبێ، لەبیرمە کە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێز بارزانی دکتۆری دیاریکرد وەک بەرپرسی هاوئاهەنگی بەرەکانی شەڕی هەرێمی کوردستان. ئێمە شایەتین چەند زەحمەتیان کێشا، ئەوانبوون کە کاریان کرد، ئێمەش ژمارەیەکی بچووک لە تەنیشت ئەوان بووین، خوشحاڵیشین. ئەوەی کە لەو فیلمە سووکایەتی بە کەسێک بکرێ، بە تووندی رەتیدەکەینەوە. با پێت بڵێم، من بە دیتنی ئەو فیلمە لە هەرێمی کوردستان دڵگرانتر بووم، هەڵوێستم هەبوو دژی کە ئەوە چییە دروستکراوە، کێ ئەمەی کردووە؟ دووەم، بەڕێز سولەیمانی، شەهید سولەیمانی کەسێکی گەورە بوو، بەڵێ، فەرماندەیەکی قارەمانە، بەڵام هەڵوێستی لە ئاستی بەڕێز بارزانی و لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت بەرامبەر پێشمەرگەیەکی ئاسایی، بەرامبەر شەڕکەرێک، هەڵوێستی رێز و خاکەرایی هەبوو. بەگشتی قوتابخانەی شەهیدی بەڕێزی ئێمە بەڕێز سولەیمانی ئەوەیە. پێموایە ئەم فیلمە زۆر خراپ ئامادەکراوە و دروستکراوە. هەر کەس کە ئەو کارەی کردووە کارێکی هەڵەی کردووە و من وەک باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی بە ئێوە دەڵێم کە خەڵکی کوردستان و رێبەرانی کوردستان و پێشمەرگەکانی کوردستان و فەرماندەکانی ئەم ناوچەیە باش دەناسم و هەروەهاش رێزی زۆرم بۆیان هەیە، بابەتی ئەم فیلمەش نابێت هەر درێژەی هەبێت. هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی زۆر روونە، زۆر لێبڕاوانەیە، زۆر روونە. ئەویش رێزدانانە بۆ کەسایەتی بەڕێز بارزانییە. بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێزانی دیکەش، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان، هەموو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. ئەوان باشترین دۆستەکانمانن، جێی رێزی ئێرانن، ئێمە پێکەوە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە، ئێمە ناتوانین مێژووی یەکتر لەبیر بکەین، بۆیە بەرهەمهێنەرانی ئەو فیلمە، هەڵبەت ئەوان لە روانگەی خۆیانەوە لە رێوڕەسمی ساڵیادی شەهید سولەیمانی ویستوویانە رێز لەو بگرن، بەڵام پیموایە ئەمە رێزگرتن نییە، لە روانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڵکو هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو و بەداخەوە دۆستانی ئێمەی لە هەرێمی کوردستان هەندێ دڵگران کرد، هەڵبەت من حەقیان پێدەدەم و پێیان دەڵێم ئیمە زیاتر لە ئێوە ناڕەحەت بووین، ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران. هەڵوێستی ئێران رێزگرتنە لە هەرێمی کوردستان، نەک خوانەخواستە سووکایەتی پێکردن. مەگەر ئێمە دەتوانین ئەو هەموو شەهیدە لەبیر بکەین کە هەریمی کوردستان بۆ شەڕ لەگەڵ داعش پێشکەشیکردن. ئەوان رۆڵی سەرەکییان هەبوو، مەگەر ئێمە دەتوانین رۆڵی فەرماندەکانی پێشمەرگە لەبیر بکەین، ئەوان رۆڵی سەرەکییان هەبوو. من، شەهید سولەیمانی و هاوکارەکانی دیکەمان لە تەنیشت ئەوانبووین، ئەو رۆڵە سەرەکییەی ئەوان گێڕایان، بێگومان ئەوە دەبێ بگوترێ و خەڵکی بەڕێزی کوردستان، سەرکردایەتی کوردستان، بەرپرسانی کوردستان، بەڕێز بارزانی بێگومان شتێکی جیاواز لەو شتەیە کە لەو فیلمەدا نیشاندەدرێت. هەر لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئازیزان و هەموو فەرماندەکان و بۆ هەموو رێبەرەکان و بەتایبەت بەڕێز بارزانی و دەڵێین، ئینشاڵڵا ئێمە و ئێوە پێکەوە و لە تەنیشت یەکتر دەبین. ئەم فیلمە و هەندێ هەڵەی کەسانێکی دیکە ناتوانێت خوانەخواستە نێوان ناخۆشییەک لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا دروستبکات.

جۆرێک لە پەیوەندی سارد لەنێوان ماڵی شیعە لە عێراق و لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەستی پێدەکرێت، لە ساڵڕۆژی شەهیدانی نیشتمان و ئایەتوڵڵا محەممەد باقر حەکیمدا لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای گفتوگۆیەکی راشکاوی کرد بۆ راستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی، ئێوە پشتگیری ئەو بانگەوازەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
 ئیرەج مەسجدی: پێموایە هەرجۆرە هاوکاری و هاوپەیمانی و هاوکاری و یارمەتییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و شیعەکان لە عێراق دەتوانێت رۆڵێکی بیناتنەری هەبێت. دەبێ لە پرسە ناوخۆییەکان، پرسە ناوچەییەکان و هەڵبژاردنی داهاتوو و پێکهێنانی حکومەت و هەر بابەتێک کە هەیە، ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر چەشنە پێکەوەسازان و هاوکارییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەو دۆستانەی لە عێراقدان، خوشحاڵین و پشتگیری دەکەین. بەڕاستی ئەم بابەتەمان پێخۆشە، بەبی ئەوەی بمانەوێ دەستوەردان لە کاروباری ئەواندا بکەین، بەڵام ئێران خوازیاری دۆستایەتییە، برایەتی ئەوانی دەوێت. بانگهێشتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەر لەو پەیوەندییەدا دەتوانێت ببێتە هۆی پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و شیعەکان، بەتایبەت رەوتی بەڕێز حەکیم.

 هیچ رۆڵێکی پۆزەتیڤتان لە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە لەبارەی بودجەوە؟
 ئیرەج مەسجدی: بێگومان ئێمە پێشوازی دەکەین، خوشحاڵ دەبین. چونکە ئێمە لەگەڵ بەڕێز حەکیم پەیوەندیی باشمان هەیە و لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش پەیوەندییەکی باشمان هەیە. ئەم پەیوەندییە پەیوەندی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، پەیوەندییەکی لەمێژینەیە، لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبوون و لە سەردەمی سەدام حوسێنەوە هەیە. ئێران هەمیشە پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆن کردووە. پارتی و رەوتی بەڕێز حەکیم دوو لایەن بوون کە لە قۆناخی ئۆپۆزیسیۆنبووندا هەمیشە هاوکاری زۆر باشیان پێکەوە هەبووە، کۆماری ئیسلامیش پشتگیری لەم هەڵوێستە کردووەو هانی ئەم بابەتە دەدا، ئێستاش ئەوە درێژەی هەیە.

پەیوەندی ئابووری بەهێزتان لەگەڵ عێراقدا هەیە. ئایا پرسی غاز و کارەبا وەک پێشتری لێدێتەوە؟
 ئیرەج مەسجدی: ئێمە هاوکاری ئابووری فراوانمان لەگەڵ عێراقدا هەیە، لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیش، واتە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ کەرتی حکومیی و کەرتی تایبەتدا. پرسی گاز و کارەبا لەبەر پێویستیی عێراقە بەم دوو بەرهەمە، ئێران لە بواری هەناردەی گاز و کارەبا زۆر هاوکاری باشی لەگەڵ عێراقدا هەیە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، لە هەندێ دۆخ و کاتدا، کاتێک کە بەکارهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت رەنگە ئەمە بەرزی و نزمییەکی هەبێت، واتە لە رێژەی هەناردەدا، یان لە پەیوەندی لەگەڵ پابەندییە داراییەکانی لایەنی بەرامبەر، هەندێجار کێشە دروست دەکات، دەی کاتێک کە ئیمە گاز و کارەبا دەفرۆشین چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە کە پارەکەشی وەربگرین، ئەمە زۆر سرووشتییە، بابەتێکی بازرگانییە، بەڵام ئەوەی من دەتوانم بیڵیم ئەوەیە کە هاوکارییەکانی ئێمە بەردەوامە، لە قۆناخێکدا هەناردەی گاز و کارەبا هەندێک کەم ببوو، بەڵام ئێستا بە ئێوەی رادەگەیێنم کە خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە ئاساییەکەی، هاوکات حکومەتی عێراقیش خۆی پابەند دەزانێت کە ئەو بەڵێنییە داراییانەی بەرامبەر ئێمە هەیەتی، هەوڵی بۆ بدات و بیداتەوە. بەڵام لە پەیوەندیی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکە ئەمە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، ئێمە نابینە کۆسپ و دەستتێوەردان ناکەین کە عێراق بە هەر شێوەیەک کە دەتوانێت هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی خەڵک بدات، بۆ کارەبا، بۆ گاز و پێداویستییەکانی دیکە. ئەمە سرووشتییە کە پەیوەندیی بەم وڵاتەوە خۆیەوە هەیە، ئەو شتەی کە بۆ ئیمە گرنگە ئاسایشی خەڵکی عێراقە، ئاسایش و تەندروستی ئەوانە. کۆماری ئیسلامی لەم بابەتەدا دەیەوێت هاوکارییە ئابوورییەکانی، هاوکارییە سیاسی، کولتووری و بازرگانییەکانی بتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن و بێگومان ئەمەش جێبەجێ دەکەین. بۆیە لە بواری نەوت و گاز خەریکە هاوکاری باش دەکرێت.

 هیچ ژمارەیەکتان لەوبارەیەوە هەیە کە بیڵێن؟
 ئیرەج مەسجدی: لەنێوان ئێمە و وەزارەتی کارەبای عێراق و بانکی ناوەندیی عیراق و تی بی ئای ئەم ژمارانە زۆر بە روونی هەن، کە چەند ملیارێکە.


 جەنابی باڵیۆز بۆچوونی ئێوە بۆ پرۆسەی سیاسی لە ئێستاوە تاوەکو هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چییە و پەیامی ئێوە بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق چییە؟
 ئیرەج مەسجدی: بابەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، وەک رابردوو، بەبڕوای ئێمە زۆر گرنگە. بۆچی؟ چونکە هەڵبژاردن، بەشداریی خەڵک و رۆڵی خەڵک لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی عیراق واتە پەرلەمان و دواتریش حکومەتی نوێی عێراق وێنا دەکات و یەکلایی دەکاتەوە. کەوابوو بەشداریی خەڵک و هەڵبژاردن خۆی گرنگە، چونکە هەڵبژاردن یەکێکە لە دەرکەوتەکانی دیموکراسی و دەسەڵاتی خەلک. کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە هەڵبژاردنی عێراق دەکات و رێز بۆ دەنگی خەڵک دادەنێت و ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە، هەر ئەنجامێکی هەبێت بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو بێگومان جێی رێزە بۆ ئێمە، کۆماری ئیسلامی پشتگیری لێدەکات، ئێمە هیواداراین کە ئینشاڵڵا هەڵبژاردنێکی زۆر باش، سەرکەوتوو و شەفاف بەڕێوە بچێت. تاوەکو ئەو جێگایەی کە من دەزانم دەبینم کە بەرپرسان و لێپرسراوانی عێراقی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و داوودەزگاکانی دیکە خەریکن پلاننێ بۆ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە عێراقدا دادەنێن. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک رابردوو بەڕێزەوە لە هەڵبژاردنی عێراق دەڕوانێت، هیواداراین ئەم هەڵبژاردنە بەباشی بەڕێوە بچێت و بتوانێت حکومەتێکی نوێ و پەرلەمانێکی نوێ پێکبێت، بڕیاری سەرکەوتووی بۆ عیراق لێبکەوێتەوە، بۆ بنیاتنانی ئەم وڵاتە و خزمەتکردنی خەڵک ئینشاڵڵا.

 زۆر سوپاس
 ئیرەج مەسجدی: رێزتان هەیە، منیش سوپاسی بەڕێزتان دەکەم و جارێکی دیکەش سڵاو و رێزم هەیە بۆ خەڵکی بەڕێزی هەرێمی کوردستان، هیوادارم سەرکەوتووبن، ئینشاڵڵا هەموویان شاد و سەرکەوتوو و سەربەرزبن.