ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێکی دەرکرد

(0) / اجتماعی


Mar 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

ژمارەیەک ڕێکار بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە گەرمیان دەگیردرێتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە ،جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە زایەڵەی  ڕاگەیاند ، رۆژی (2/3/2021) ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی  گەرمیان  بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ئەندامانی ژور، كۆبونەوەیەكی تایبەتی ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و گرتنەبەری رێكارە پێویستەكان بۆ خۆپارێزیی و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان. لە كۆتاییی كۆبونەوەكەشدا ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە دران.

1. جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی بەیانی ژمارە (7)ی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیارەكانی كۆبونەوەی رۆژی (1/3/2021)ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان

2. چاودێریكردنی فەرمانگەكان و قوتابخانە و خوێندنگە حكومی و ئەهلییەكان و پابەندكردنیان بە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزیی.

3. بۆنە و یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بەرز رادەگیرێت، بەبێ سازدانی هیچ گردبونەوە و مەراسیمێك، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لایەنە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی هاوكار و هەماهەنگی ژوری ئۆپەراسیۆن و یەكە ئیدارییەكان بن.

4. قەدەغەكردنی ئاهەنگ و بۆنە تایبەتەكان و دانانی پرسە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكان، بەتایبەت دانانی خێمە بۆ پرسە بە هەموو شێوەیەك رێگە پێدراو نیە.

5. سەردانیكردنی هاوڵاتیان و گەشتیارانی شارەكانی عێراق لەم هەفتەیەوە لە رۆژانی (پێنجشەممە، هەینی، شەممە) بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغەیە و رۆژانی تری هەفتەش، بەپێی پشكنینی كۆرۆنا و رێنمایە تەندروستیەكان دێنە هەرێمی كوردستانەوە.

6. مزگەوتەكان بە رووی نوێژخوێنان و موسڵمانان كراوە دەبن لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی تەندروستی، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی گەرمیان لەو روەوە كاری پێویست ئەنجام بدەن.

7. جەختكردنەوە لە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی لە مۆڵ و بازاڕ و شوێنكار و چێشتخانە و چاخانە و كافتریا و شوێنە گشتییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتەكان چاودێری وردی ئەو جێگایانە دەكەن.

8. داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەكەین، لە پێناو رێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، زیاتر پابەندبن بە رێنماییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی، ئەوەش بۆ سەلامەتی هەمووان و بەئاسایی مانەوەی بارودۆخەكە.

 

کامەران کەریم