ڕەخنەی توندی سەعدی ئەحمەد پیرە: زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووس نییە

(0) / جهان


May 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەداخەوە تائێستا لەهەرێمی کوردستان نەمانتوانیوە بەگوێرەی ئەو خواستەی هەمانە سەرکەوتووبین لەپیادەکردنی یاسایەکی ڕۆژنامەوانی کە هاوشان بێت لەگەڵ بنەماکانی ئازادیەک کە هەمولایەک ڕازیبکات ".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەعدی ئەحمەد پیرە  ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى له‌نوسینێكدا به‌بۆنه‌ى ڕۆژى ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رى نوسیویه‌تى:"ڕاگەیاندن لەگواستنەوەی ڕووداوەکان‌و ڕاستی ڕووداوەکان بەشدارییەکی گرنگ دەکات لەنووسینەوەی مێژوو، هەموو ئەو کۆسپ‌و ڕێگرییانەی دەخرێنە بەردەم ئازادی راگەیاندن لەلایەن ئەو کەس‌و دەسەڵاتانەوەیە کە لەمێژووی خۆیان دەترسن‌و ڕێگرن لەبەردەم دەرکەوتنی ڕاستیەکان".
جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئازادی ڕا دەربڕین بەتەواوی مانا واتای پیاده‌کردنی بنەماو پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت‌و بونیادنانی  کۆمەڵگەی دیموکراتیە، نابێت ئەو پانتاییەی کە ڕاگەیاندن‌و ڕای ئازاد هەیەتی دەستورو یاسا نەبێتە قەڵایەکی قائیم بۆ پاراستنی‌و کەفالەتی نەکات".
پێشیوایه‌، "دژەکانی ئازادی بەگشتیی‌و ئازادی ڕادەربڕین‌و کاری ڕاگەیاندن لەچوارچێوەی شەڕی تیرۆر ئەو پانتاییە کەمدەکەنەوە کە لەبەردەم ڕای ئازاد هەیە".
 نیگه‌رانى خۆى نیشانداوه‌ له‌وه‌ى، "بەداخەوە تائێستا لەهەرێمی کوردستان نەمانتوانیوە بەگوێرەی ئەو خواستەی هەمانە سەرکەوتوبین لەپیادەکردنی یاسایەکی ڕۆژنامەوانی کە هاوشان بێت لەگەڵ بنەماکانی ئازادیەک کە هەمولایەک ڕازیی بکات".
ئه‌وه‌شى وتوه‌، "باش نییەو نەنگیە لەسەر ڕای ئازاد خەڵک بخرێتە زیندان‌و بگیرێت، چونکە زیندان شوێنی خەڵکانی  تاوانبارو بکوژو سەرپێچیکەری یاسایە، زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووس نییە".
پیره‌ ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، "سیستەمی سیاسی بەهێز بەڕەخنە لاوازنابێت، بەڵکو بەهێزترو تۆکمەتر دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین پێویستە ڕەخنەکان لەچوارچێوەی ئەو یاسایەبن کە هەمولایەک لەسەری ڕێکدەکەون"