کانی ماسێ هەمدیسان لە لایەن تورکیاوە بۆردوومان کرا

(0) / جهان


May 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەی گەلی هەسپا لە نزیک گوندی بازێ لە ناحیەی کانی ماسێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆردوومان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستاش بۆردوومان لە سنووری گوندەکانی کانی ماسێ و قەزای ئامێدی بەردەوامە. بەڵام ئاماژەی بە زیانەکان نەکردووە و دەڵێت "زیانەکان نەزانراون."
 بۆردوومانەکە کاژێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 04-05-2021 بووە. تورکیا زۆر بەسەختی بۆردوومانی گەلی هەسپای لە سنووری گوندی بازێ کردووە و بەهۆیەوە ئاگر لە زناری کێستە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا نەکوژاوەتەوە.
تورکیا 12 رۆژە ئۆپەراسیۆنێکی لە زناری کێستە دژی پەکەکە دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستاش دەنگی فڕۆکەی چاودێری و بۆردوومان لەو سنوورە نەبڕاوە.
تورکیا لە شەش خاڵەوە بە فڕۆکە سەربازی دابەزاندووەتە زناری کێستە و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنوورە.
 ئەم بۆردوومان و تۆپبارانەی تورکیا لەو ناوچە سنووریانە دەیکات، کاریگەریی لەسەر هاونیشتمانیانی گوندەکانی، کێستە، هروور، خشخاشا، بازیڤ، بریفکا و قومری دروستکردووە.
 سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ راگەیاند بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا "زیاتر لە 500 پوورەی هەنگ لەنێوچوون. سوپای تورکیا لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومانی دەوروبەری چیای کێستە دەکات و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو خەڵکی گوندی کێستە دروستکردووە."
 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەربەست سەبری گوتی "لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی چەند رۆژی رابردوودا رووبەری 1600 دۆنم زەوی ناوچەکە سووتاوە. خەڵکی ناوچەکە ناتوانن بچن رەز و بێستانەکانیان ئاوبدەن، بەوهۆیەش رەز و باخەکان، جگە لە زیانی بۆردوومان، بەهۆی کێشەی ئاونەدانەوە خەریکە وشکدەبن."