سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەمریکا و سەرۆکەکەی دەکات

(0) / جهان


May 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمى کوردستان لە پێشوازیی لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، وێڕای سوپاسی ئەمریکا و جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە ئامادەیی هەرێم بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆنی دووپات کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمى کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.

بە گوێرەی میدیاکانی پارتی، شاندەکەی ئەمریکا ئەم سەردانەیان بە جەختکردنەوەی گرنگیدانی سەرۆک و حکوومەتی ئەمریکا بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناوبرد.

لە درێژەدا هاتووە: شاندی میوان دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بە تایبەتی داعش.

ئاماژە بەوەش دراوە: سەرۆکی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەربڕی و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشان دا.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.