هۆشداری لەبارەی مەترسی پلانی گەورەی داعش دەدرێت

(0) / جهان


May 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "داعش تەنها لە چیا و ناوچە دوورە دەستەکاندا نین، بەڵکو لەناو شاروشارۆچکەکان خەڵکیان هەیە"، دەشڵێت، "گومانمان هەیە داعش پلانی گەورەیان بەدەستەوە بێت."

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، محەمەد هەژار جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەی هێزەکانی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "داعش لە دوای ساڵی ٢٠١٧ بۆ ماوەیەک چووە سوڕی مت بوون و بێدەنگیەوە، دواتر دەستیکرد بە چالاکی و بڵاوکردنەوەی تەبلیغات و خۆڕێکخستنەوە، پاشان دەستی بە چالاکی سەربازی کردەوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێستا داعش چووەتە قۆناغی هەوڵدانەوە بۆ دەست گرتن بەسەر شوێن و ناوچەدا، هەندێک چالاکی تریشیان هەیە وەکو ئەنجامدانی تەقینەوە و موشەک بارانکردنی هەندێک ناوچە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەشڵێت، "داعش تەنها لە چیا و ناوچە دوورە دەستەکاندا نین، بەڵکو لەناو شاروشارۆچکەکان خەڵکیان هەیە، پیشاندان و بڵاوکردنەوەی وێنەی چەکدارەکانیش لەکاتی بەربانگدا ئەو گومانەی لادروستکردووین کە شتی گەورەیان بەدەستەوە بێت."

محەمەد هەژار باسی لەوەشکردووە، "گومان هەیە پلاماری هەندێک ناوچە بدەن و گومانەکانمان زیاتر بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکانە"، دەشڵێت، "ئەوان دەیانەوێت کردەی تیرۆرستی گەورە بکەن بەڵام نازانین بۆیان دەکرێت یان نا."

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، داعش جوڵەکانیان لە زۆرینەی ناوچەکان کەمبووەوە و کەمترین هێرش و پەلاماریان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا هێرشەکانیان زیادی کردووە لە پارێزگای جیاوازەکانی عێراق.

شەممەی رابردووش، داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیانکردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و روبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.