پارتی: پێویستە رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت

(0) / جهان


May 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی کەیسی سزادراوانی بادینان جەختی کرد پێوسیتە رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێ.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیێندراێک لەبارەی کەیسی سزادراوانی بادینان ڕایگەیاند:

"سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لەبارەی كەیسی چەند كەسێك، بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسی كردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێ‌ و، مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبوبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت.

ئەوەی رویداوە رونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.

ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین.

هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بن."