ئاڕاستەیەكی پەڕلەمانی هەیە بۆ دەركردنی بڕیارێك دژی لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا

(0) / جهان


May 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەڕلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان كۆدەبنەوە و دەشڵێت: “ئاڕاستەیەكی پەڕلەمانی هەیە بۆ دەركردنی بڕیارێك دژی لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا و دەركردنیان لە خاكی عێراق و هەرێم.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەڕلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی (المعلومە) ئاماژەی بەوەكردووە، لێدوانەكانی حكومەت و ئیدانەكردن و بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لەسەر پێشێلكارییە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە و سەردانی وەزیری بەرگری توركیا بۆ بنكەیەكی سەربازی لەناو خاكی عێراق بەتنها بەس نین.

ڕاشیگەیاند، پەڕلەمان بەنیازە بڕیارێك دەربكات بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا لە موسڵ و زاخۆ و هەولێر و ڕێگریش بكات لە دانانی بنكەی سەربازی، ئەوەش وەك پاڵپشتییەك بۆ هەڵوێستی حكومەت لەسەر لەشكركێشی و پێشێلكارییەكانی توركیا.

ئەو پەڕلەمانتارە وتیشی، “لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كۆمكاری عەرەبی سكاڵا تۆمار دەكەین وەكو مافێكی دەستوری حكومەتی عێراقی.

ئاشكراشی كرد، لە ئێستادا گفتوگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن بۆ ناردنی سوپای فیدڕاڵی بۆ ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق- توركیا تاوەكو ڕێگە بگرێت لە بوونی گەریلاكانی پەكەكە، كە لە خاكی عێراق بڵاوبوونەتەوە و بوونە بیانووی لەشكركێشی و پێشێلكارییەكانی توركیا.