قائیمقامیەتی سلێمانی كۆگای ئاوی سلێمانی داده‌خات

(0) / اجتماعی


May 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەهۆی پابەند نەبون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن و گواستنه‌وه‌ی ئاوی له‌ده‌به‌نراو له پله‌ی گه‌رمی به‌رز و ‌به‌رتیشكی خۆر، قائیمقامیەتی سلێمانی (كۆگای ئاوی سلێمانی) له‌ گه‌ڕه‌كی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د داده‌خات و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌‌.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کەیوان خەلیل، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری لە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی رابردودا لیژنەکان لەڕێگەی سەردانیان بۆ کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان و هەروەها لە راگەیاندنەکانیشەوە هەمو شوێنەکانیان ئاگادار کردوەتەوە کە عەمبارکرد، دانان و گواستنەوەی خواردن و خواردنەوە لەشوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر قەدەغەیە و بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.
وتیشی، بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پێویستە خواردن و خواردنەوە دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە، وەهەروەها شوێنی عەمبارکردنەکەی فێنک بێت و لە (25) پلەی سەدی تێپەڕنەکات.
رونیکردەوە ، پلەی بەرزی گەرما لەگەڵ تیشکی خۆر هۆکارن بۆ کارلێککردن لە نێوان دەفرەکە و ئەو خواردن و خواردنەوەی لەناویدایە، ئەمەش زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و بەکارهێنەر توشی شێرپەنجە دەکات .
کەیوان خەلیل، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، داوا لە خاوەن کارگە و کۆگا و مارکێت و دوکانەکان دەکات پابەندبن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن تا ناچار بەسزادانی هیچ شوێنێک نەبن.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەلایەن ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانییەوە لیژنەکان راسپێردراون لەکاتی هەبونی سەرپێچیدا، شوێنەکان دابخرێن و خاوەنەکانیشیان روبەڕوی رێکاری یاسایی توند بکرێنەوە.
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کامەران کەریم