دژه تیرۆری یه‌كێتی ڕاپۆرتێکی میدیای پارتی لەسەر تێوه‌گلاندنی ئەو دەزگایە له تیرۆری قاسم سوله‌یمانی ره‌تكرده‌وه
(0)
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرتێک لە میدیایه‌كی پارتی لە شەوی رابردوودا و ئاراسته‌كردنی تۆمه‌ت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ ده‌زگای دژه‌تیرۆری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌رله‌به‌ری راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و میدیایه‌ی سه‌ربه پارتیی ره‌تكرده‌وه و رایگەیاند کە ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی له هه‌رێم ده‌ستی هه‌یه له هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی ده‌زگاكه‌مان له كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ئاگادارین ماوه‌یه‌كه ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه، (به‌شێكی تایبه‌ت)ی پێكهێناوه بۆ دزه‌پێكردنی زانیاریی چه‌واشه بۆ میدیا ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان و، ده‌یانه‌وێت به هه‌ر نرخێك بووه زیان به ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و زۆنی سه‌وز بگه‌یه‌نن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وته‌بێژی ده‌زگای دژه تیرۆری یه‌كێتی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه تێوه‌گلان و به‌ستنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌لایه‌ن ئه‌و میدیایه‌ی پارتییه‌وه به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا، بۆ ئه‌وه‌یه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانه گه‌وره‌یه بكه‌نه‌وه كه به‌هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سك، دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و یاریكردن به چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان، به‌ر پێگه حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌كه‌یان كه‌وتووه، به‌تایبه‌تتریش دوای سكانداڵی ده‌ستگیركردن و زیندانی كردنی رۆژنامه‌نووسی گه‌نجی كورد به تۆمه‌تی بێ بنه‌ما، كه متمانه‌ی لای خه‌ڵك و ده‌ره‌وه‌ش بۆ نه‌هێشتوون.
وته‌بێژی ده‌زگای دژه تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه كه "ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی له هه‌رێم ده‌ستی هه‌یه له هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی ده‌زگاكه‌مان له كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ئاگادارین ماوه‌یه‌كه ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه، (به‌شێكی تایبه‌ت)ی پێكهێناوه بۆ دزه‌پێكردنی زانیاریی چه‌واشه بۆ میدیا ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان و، ده‌یانه‌وێت به هه‌ر نرخێك بووه زیان به ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و زۆنی سه‌وز بگه‌یه‌نن".
شه‌وی ٨ ٩-٥-٢٠٢١ راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه كه تیایدا به شێوه‌یه‌كی ناڕوون تۆمه‌تی به‌شداربوون له كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی ده‌خاته سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژه تیرۆری سه‌ربه هه‌رێمی كوردستان هاتووه، گه‌رچی ئێمه نازانین كه نووسه‌رانی راپۆرته‌كه مه‌به‌ستیان له كام هێزی دژه تیرۆره له كوردستان، چونكه به‌داخه‌وه تا ئێستاش وه‌ك ئاشكرایه، دوو هێزی پێشمه‌رگه و دوو ئاسایش و دوو هه‌واڵگری و دوو دژه تیرۆر له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ئێمه‌وه وه‌ك هێزه‌كانی دژه تیرۆر هه‌بێت، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربوون و به‌شداربوونی هێزه‌كه‌مان له كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كه په‌یوه‌ندی به لایه‌نه‌كه‌ی تره‌وه هه‌بێت، ئه‌وا حه‌قی وایه خۆیان روونكردنه‌وه بده‌ن، به‌تایبه‌ت كه ئێمه ئاگاداری هیچ چالاكییه‌كی ئه‌وان نین و ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن.
ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی هاوڕێیه‌كی نزیكی خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بووه و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێك لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ به تیرۆریزمی كردووه کە قاسمی سڵێمانییش تیایدا دەجەنگا. ئاشکرایە کە بە تیرۆرکردنی سه‌ركرده‌یه‌كی له‌م ئاسته، هەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوڕێیەکی مام جەلالی لەدەستچوو.
شایانی بیرهێنانه‌وه‌یه كه حكومه‌تی ئێران و حكومه‌تی عێراق بۆ لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسی به‌ئامانجگرتنی فه‌رمانده باڵاكه‌ی ئێران له عێراق، له ساڵی رابردووه‌وه لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێناوه بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی بكه‌ره‌كانی ئه‌و كرده‌وه‌یه و، بۆ ده‌ستنیشان كردنی بكه‌ره‌كانی چاوه‌ڕوانی راپۆرتی میدیایی ناكه‌ن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك.
سه‌رباری ئه‌مانه‌ش، ئێمه ئه‌و گریمانه‌یه به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین كه ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی له هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستی هه‌یه له هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی ده‌زگاكه‌مان، به‌تایبه‌ت كه ئاگادارین ماوه‌یه‌كه ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه، (به‌شێكی تایبه‌ت)ی پێكهێناوه بۆ دزه‌پێكردنی زانیاریی چه‌واشه بۆ میدیا ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان و، ده‌یانه‌وێت به هه‌ر نرخێك بووه زیان به ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و زۆنی سه‌وز بگه‌یه‌نن.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته هه‌واڵه‌ش تایبه‌ت به شه‌هیدكردنی حاجی قاسم سلێمانی له‌م كاته‌دا، و لكاندنیشی به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه له‌لایه‌ن میدیاكانی پارتییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانه گه‌وره‌یه بكه‌نه‌وه كه به‌هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سك، دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و یاریكردن به چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان، به‌ر پێگه حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌كه‌یان كه‌وتووه، به‌تایبه‌تتریش دوای سكانداڵی ده‌ستگیركردن و زیندانی كردنی رۆژنامه‌نووسی گه‌نجی كورد به تۆمه‌تی بێ بنه‌ما، كه متمانه‌ی لای خه‌ڵك و ده‌ره‌وه‌ش بۆ نه‌هێشتوون.
وته‌بێژی ده‌زگای دژه تیرۆر
٩-٥-٢٠٢١
تێبينيێك بنێرە: