عەلی باپیر: دەبێ دەوڵەتانی عەرەبی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن

(0) / جهان


May 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان  دەڵێت، ئەو رۆژە دورنابێت کە ئەم قەوارە زایۆنییە لە نیشتمانی ئیسلامییدا کۆتایی پێ بێت کە دەستی گرتوە بەسەر یەکەمین قیبلەی موسڵمانان و سێیەم حەڕەمی موسڵمانان کە مزگەوتی ئەقسایە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە،  عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل بۆ سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا، رەخنەی توند لە وڵاتانی موسڵمان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، "دەبێت مسوڵمانان زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامییەتی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتەسەر و زیاتر کەڕامەتیان نەوڕوشێت، پێویستە هەڵوێست وەربگرن، ئەوەشدەخاتەڕو کە هەڵوێست وەرگرتن هەر ئەوەنیە کە ئیدانەی کردارەکە بکرێت، بەڵکو ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە ئەوا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن و یارمەتی مەزڵومە فەڵەستیانییەکان بدەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، قەوارەی زایۆنی کە لە ساڵی 1948 دامەزراوە و یەکەمین دەوڵەت کە دانی پێدانا وڵاتی ئەمریکا بو، دواتر وڵاتانی فڕەنسا، بریتانیا و یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات، ئەو قەوارەیە بە ئازایەتی جولەکە دروست نەبوە، بەڵکو بە دەست لەپشتدانی وڵاتانی زلهێز بەتایبەت ئەمریکا دروست بوە، خودی قەوارەکە گوزارشت لە گەلی جولەکە ناکات، بەڵکو جوڵانەوەی زایۆنیزم و سەهیۆنیەت لە کۆتاییەکانی سەدەی 19 بونیادنرا، کە بزوتنەوەی سەهیۆنی تەبەنی ئەوەیان کرد کە وڵاتێک دروست بکەن بۆ گەلی جولەکە.

عەلی باپیر باسی لەوەشکردوە، "ئەو قەوارەیە ناتوانێت بەردەوام بێت، مەگەر بە زەبر و زەنگ، چونکە لە بنەڕەتدا بەشەر دروست بوە، وا پێدەچێت کە ئەمریکا و ئەوروپا کاریان پێی هەبێت و هەندێک ئامانجی پێ دەپێکن و فشار لەسەر هەندێک دەوڵەت دروست دەکەن".

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا لە فەڵەستین، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی، "ئەوەی لەم مانگە رویدا، شتێکی نا لۆژیک بو، خۆ کات قاتی نەبو کە دەبێت هەر لەو کاتەدا کە منداڵەکان خەریکی تاعەت و عیبادەت بون و بۆردومانکرا، پێموایە ئۆمەتی پێغەمبەر (د.خ) لە روی سیاسییەوە لێکهەڵوەشاوەتەوە، ئەگەرنا جولەکە جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد کە قەوارەی زایۆنی لەوێ بونیاد بنێن و بەم شێوەیە خەڵكی فەڵەستین ئازار بدەن، بەڵام پشتبەردانی ئەو دەوڵەتانەی کە لە وڵاتانی موسڵمانن و هەندێکیان پێشبڕکێیان کرد تا لە قەوارەی زایۆنی نزیک بن و بارودۆخۆیان لەگەڵ ئاسایی کردەوە بەتایبەت ئیماڕات، بەحرێن، سودان، سعوودیە و میسڕ کە وایانکرد جولەکە بە تەماح بکەوێت، ئێستاش بابەتەکە وا گەورە بوە، ئینجا ئەوانە بەدەنگ هاتون و رەخنە دەگرن".

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیشەوە، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رونیکردەوە، "هەڵوێستەکان هیچ نین و هەموی بریتییە لە رەخنەگرتن و ئیدانەکردن، بەڵام هێشتا لەم بێدەنگییەی هەرێمی کوردستان باشترە، هەرچەندە لە ئاستی پێویستیشدا نین و ئەگەر بیانەوێت هەڵوێست وەرگرن، پێش هەمو شت ئەو دەوڵەتانەی کە بارودۆخیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی ئاساییکردوەتەوە ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفڕ، هەروەها با بێنن ئەو هەمو هاوکارییەی جولەکە کە دەیکەن وەک بازرگانی و مامەڵەکردن و نەوت پێفرۆشتن ئەوا بێن ئەم جۆرە پەیوەندییانە رابگرن، نەک هەر لەگەڵ جولەکە بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا هەڵوێست وەربگرن".

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە، گۆزە چی تێدابێت هەر ئەوەی لێ دەڕژێت، ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن نێوانیان لەگەڵ خوای پەروەردگار زۆر بێهێزە یان هەر نیانە، پێیانوایە کە ئەگەر وا بکەن جولەکە لێیان رازی دەبێت، ئەگەر جولەکە لێیان رازی بێت ئەوا ئەمریکا خۆشیانی دەوێت، بەڵام دەرکەوت کە ئەوانە هەنگاوێکیان نا ئەمریکا لێیان رازی نەبو، وەکو یاری مار و پەیژەکە، رەوانەی خاڵی سفری کردنەوە، دوایی بۆیان دەرکەوت کە نەخێر ئەمریکا هەرگیز کچی خۆی بەقوربانی کوڕی ئێمە ناکات، ئەوانە بەس دڵسۆزن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەمریکا و ڵاتانی زلهێز لە راستیدا ئەو هەمو هێزەیان بۆ بە دونیادا بڵاوکردوەتەوە لە کاتێکدا بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادی گەلان دەکەن".