کازمی: بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لێكتێگەیشتنی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە

(0) / جهان


May 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەیدا، وێڕای ئاماژە بەوەی کە ویستی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی نییە، رایگەیاند ئەوەی لە ماوەی یەك ساڵدا لە شەڕی گەندەڵی كردوویانە، یەكسانە بەو هەوڵانەی كە زیاتر لە17ساڵە خراونەتە گەڕ و هیچ ئەنجامێكیشیان نەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، كازمی ڕاشیگەیاند: سەرەڕای تەنگ و چەڵەمەكان، بەڵام حكومەت لە ماوەی ساڵی رابردوودا، توانیویەتی سەروەری دەوڵەت بە هێزبكات و دەستی بەسەر بەشێكی زۆر لەچەكی دەستی گروپ و هێزە چەكدارەكاندا گرتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كاریان بۆ پتەوكردنی سەروەریی دەوڵەت و هێشتنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت كردووە، لەپێناو رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و چەكی بێ مۆڵەت و مافیاكانی تاوانكاری.
پەیوەست بە پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەوەی خستە ڕوو، ئەوەی لە ماوەی یەك ساڵدا كردوویانە لە 17 ساڵی رابردوودا نەكراوە، هەموو ئەو پارانەش دەگەڕێننەوە كە دزراون.
مستەفا كازمی دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وتی: وەكو سەرەتایەك بۆ چارەسەكردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.
ناوبراو تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق روونیكردەوە، پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن لە پێناو هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانەی دوور لە گزیكاری.