ڕوون کردنەوەی نەخۆشخانەی شەهیدڕەوف بەگی شارەزوور لەسەر نەبونی خزمەتگوزاری

(0) / اجتماعی


May 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

لەسەر بڵاوبونەوەی چەند وێنەیەک لەسەر نەبونی خزمەتگوزاری، نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ لە قەزای شارەزوور ڕوون کردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە .
بەپێی ڕاپۆرتی  زایەڵە، کەمال ئەحمەد لێپرسراوی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ لە قەزای شارەزوور بە زایەڵەی ڕاگەیاند، ڕوونکردنەوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەئوف بەگەوە سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی قاوشی نەخۆش و بێدی نەخۆشخانەکەمان بڵاوکریەوە.
دوای بڵاو بوونەوەی چەند وێنەیەکی قاوش و بێدی نەخۆشخانەکەمان لە پەیجی شارەزوور نیوزەوە، پێمان باش بوو ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە، سەرەتا پێویستە بزانرێت پاکردنەوە و دابین کردنی پێداویستی یەکانی پاککەرەوە لە نەخۆشخانەکان لە ئێستادا لە ئەستۆی کۆمپانیایە کە بەشێوەی گرێبەستی ساڵانە دەدرێت بەکۆمپانیای تایبەتمەند بە پاکوخاوێنی نەخۆشخانەکان .
وتیشی، ئەو کۆمپانیایەی کە کاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی قەزای شارەزوور و سەیدسادق و چەند قەزاو ناحیەیەکی تری لەئەستۆ گرتووە کۆتایی بەگرێبەستەکەی هاتووە لە بەرواری (٢٠٢٠/٦/١) ئەمە دوای سێ مانگیش بەردەوامی کۆمپانیا لە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەیەوە، بەداخەوە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران تاکو ئێستا ڕەزامەندیان دەرنەبڕیوە بۆ نوێ کردنەوەی گرێبەستی کاری کۆمپانیا، کۆمپانیایش ئامادە نیە بێ بەرامبەر خزمەتەکانی بەردەوام بێت، کرێکارەکانی کۆمپانیاکەیش سێ بۆ چوار مانگ جارێک نیوەموچەیەکیان پێدەدرێت لەلایەن کۆمپانیاکەوە ئەو کرێکارانە وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستی تائێستا واز لەکارەکانیان ناهێنن، بۆ ئەو سنورانەی کە ئاماژەمان پێدا کە نەخۆشخانەکەی ئێمەیش دەکەوێتە سنوری کاری ئەو کۆمپانیایەوە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ نەخۆشخانەکەمان دروست کردووە لە ڕووی پاکوخاوێنی و پێداویستی پاککەرەوەوە، ئێمە وەکو نەخۆشخانە چەندین جار بە نوسراوی فەرمی سەروی خۆمان لەبەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ ئەم گرفتە ئاگادارکردوەتەوە .
ڕونیشیکردەوە، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیش وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانیان ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام بەداخەوە تاکو ئەم کاتە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندییان دەرنەبڕیوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە .
بۆیە ئێمە هاوڵاتیانی خۆشەویستی خۆمان ئاگاداردەکەینەوە کە هیچ کەمتەرخەمیەک لەلایەن ئیدارە و کارمەندانی نەخۆشخانەکەمانەوە نیە لەو بارەیەوە
کامەران کەریم