هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق ئاسایی دەکرێتەوە

(0) / اجتماعی


May 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بە رەچاوکردنی رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی، هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق ئاسایی دەکرێتەوە.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەم بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 16-05-2021 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و بڕیاردراوە بە "ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بە رەچاوکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی."

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

رۆژی 07-5-2021 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجام بدەن بە دانانی وردەکاریی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی تەواو یان سنووردار بەپێی پێویست و دۆخی تەندروستی.

لەبارەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رۆژانی جەژنی رەمەزان، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەدابوو کە "قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق وەک خۆی دەمێنێتەوە.بڕیارەکانیش بەمەبەستی پابەندبوونن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگەگرتنە لە هەڵکشانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. هاوکات ئاسانکاریشە بۆ کاروبار و پێویستیی رۆژانەی هاووڵاتیان لە رۆژانی جەژندا."  

دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخەی هاتووچۆ نابێت و "پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و خۆیان لە سەردانیکردن و تێکەڵاوبوون بپارێزن و نەبنە هۆی دروستکردنی بەریەککەوتن و کۆبوونەوە و قەرەباڵخی".

لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک پێشتر بڕیاری هاوشێوەیان درابو کە لە رۆژانی جەژندا هاتووچۆ بە پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان، ئاسایی دەبێت.