هادی عەلی: بەرگریكردن لە قودس ئەركێكی ئاینی و شەرعیە

(0) / جهان


May 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی رایگەیاند،  بەرگریكردن لە قودس ئەركێكی ئاینی و شەرعیە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، بەرگریكردن لە قودس ئەركێكی ئاینی و شەرعیە، وتیشی بەدیدی ئەوان شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین دو رەهەندی هەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی رونیکردەوە، یەکەم رەهەندی شەڕەکە بریتییەلە،" ڕەھەندی ئاینی کە شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا وەک قیبلەی یەکەمی موسڵمانان و ئیسراو میعراجی پێغەمبەری خاتەم موحەممەدــ درودو سەلامی لەسەر ــ وشوێنە پیرۆزەکانی تریش کە لە ژێر داگیرکاری وھەرەشەی شێواندندایە ..دیارە بەرگرلیێکردنیان ئەرکێکی ئاینی وشەرعیە و ڕودەکاتە ھەمو موسڵمانانی جیھان."
ڕەھەندی دوەم، بەدیدی هادی عەلی،" ڕەھەندێکی ئینسانیە کە خاک وخەڵکی فەلەستین دەیان ساڵە بەردەوام دوچاری داگیرکاری و ئاوارەبوون و گەمارۆ و گۆڕینی دیمۆگرافیا و کوشتن و بڕین وجۆرەھا ستەمکاری دڕندانە دەبنەوە ..وەک ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە کەرتی غەززە و زۆربەی ناوچەکانیتری فەلەستین ڕودەدات."
دەشڵێت، "بێگومان بەرگریلێکردن  و پشتیوانیکردن لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین ،ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقیە و ڕودەکاتە ھەمو  گەلانی جیھان بە ئێمەی گەلی کورد و خەڵکی کوردستانیشەوە."
وتیشی،" ئێمە لە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە ھەردو ڕەھەندەکەوە بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمانی دەبینین کە لە چوارچێوەی توانای مەعنەوی و ڕاگەیاندنی خۆماندا ھاوخەمی و ھاوسۆزی و پشتیوانی دەرببڕین بۆ کێشەی خەڵکی فەلەستین و کێشەی قودس و مزگەوتی ئەقسای پیرۆز."