ئەحمەد میرە بۆ زایەڵە: پێگەی کورد لە بەغداد لاواز بووە لە ئاستی نەبووندایە

(0) / گفتگو


May 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

مامۆستایەکی زانکۆ  وێڕای ئاماژە بەوەی کە پێگەی کورد لە بەغداد لاواز بووە و لە ئاستی نەبووندایە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە بونی کورد لە بەغداد میکانیزمێکە بۆ ئەوەى کورد وەک سەردەمی بەعس نەچەوسێنرێتەوە.
ئەحمەد میرە، مامۆستای زانکۆ لە وتوێژی  لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، پێگەی کورد لە نەخشەی سیاسی  عێراقدا وەکو سەرەتای کەوتنی ڕژێمی سەدام  نیە بە تایبەتی ئەزمونی کورد لە بەغداد لە دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دواجاریش لەدوای وەفاتی مام جەلال کارتەکانی کورد لە نەخشەی سیاسی عێراق و لە ململانێی باڵە سیاسیەکانی عێراقدا پاشەکشێی گەورەی کردووە.
میرە وتیشی: بونی کورد لە بەغداد نە بەشێکە لە هاوبەشی حوکمڕانی نە بەشێکە لە سیستمی دەوڵەتدارێتی فیدراڵی کە لە سەر بنەمای فیدراڵی وهاوبەشی پێکهاتەکان بێت  و نە بەشێکە لە تەوافوقی پێکهاتەکانی عێراق تەوافوقی شیعە و سونە و کورد .
وتیشی: کورد لە ئێستادا بۆتە جۆرێک لە پاراستنی بەرژەوەندی هێزە سیاسیەکان لە بەغداد، ململانێکانی کورد لە بەغداد ململانێی بەدەست هێنانی بەرژەوەندی پارتە سیاسیە باڵادەستەکانە لە کوردستاندا. ململانێ لەسەر بەدەست هێنانی پۆستە باڵاکانە، ئەگەر سەرنج بدەی بونی یەکێتی و پارتی لە بەغداد بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکان لەسەر بنەمای بەژداری پێکردن لەبەڕێوەبردنی حوکمڕانی  نەک هاوبەشی لە حوکمڕانیدا تەنها بە بۆچونی من بونی کورد لە بەغداد میکانیزمێکە بۆ ئەوەی کورد وەک و قۆناغی حوکمدارێیەتی ڕژێمی بەعس نەچەوسێنرێتەوە و جینۆساید نەکرێت و کیمیا باران نەکرێت .
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتیشی: تەنانەت بونی کورد لە بەغداد نەیتوانیوە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزێت  و زامنی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی کوردستان بکات، بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆمی  25ی سێبتەمبەر  بارودۆخی کورد لە بەغداد  بە ئاراستەیەکی  ئیجگار خراپتر ڕۆیشتووە لەچاو ئەو بارودۆخەی کە پێشتر هەیبووە و کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیەکانی کورد لە بەغداد هەبووە .
هێمای بەوەشکرد، بەشێوەیەکی ڕەها کە ئەتوانین بڵێین پێگەی کورد لە بەغداد لاواز بووە، لە ئاستی نەبوون دایە، هاوپەیمانیەتەکان لە لە کوردستان لە نێو کوتلە سیاسیەکانی کورد لە بەغداد کاریگەری لەسەر نەخشەی هەڵبژاردنەکان نابێت لە بەر چەند هۆکارێک لەبەر ئەوەی کە دابەش بوونێکی جوگرافی دەنگەکان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە هێزە سیاسیەکان  ڕوونە چەندیان دەوێ و چۆنیان  دەوێت و هەر هێزە و قەبارە و ئاستی خۆی دەزانێت کە چیە و چەند دەنگ بەدەست دەهێنێت، زۆنەکان دابەش بوون، دووەم هاوپەیمانیەتەکان بچوکن و بەرژەوەندی تایبەتیەکان هێندێ پارتی سیاسی تەحەکوم دەکات پێوەی، هەربۆیە ناتوانین بڵێن کە کاریگەری گەورە بەجێ دەهێڵێت  و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لەسەر گۆڕینی نەخشەی سیاسی و بەشداری کورد لە بەغداد .
سازدانی: کامـەران کەریـم