بەرهەم ساڵح جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی فەڵەستین دەكاتەوە

(0) / جهان


May 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی فەڵەستین جەختدەکاتەوە لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردن لە دۆزی فەڵەستین و پێویستی کارکردنی جددی بۆ کۆتایی هێنان بە دەستدرێژییەکان بۆ سەر گەلی فەڵەستین.
بەپێی راپۆرتی زایەڵە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمرۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە ئەحمەد عەقل، باڵیۆزی فەڵەستین.
پێشهاتەکانی دۆخی قودس و فەڵەستین و ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییە نامرۆڤانەی کە گەلی فەڵەستین رووبەڕووی دەبێتەوە لە شاری قودس و کەرتی غەزە تەوەری ئەم دیدارە بوو کە تێیدا جەخت لە راگرتنی ئەو کارانەی ئیسرائیل کە دژ بە مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە کرا.
سەرۆک کۆماری عێراق لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختی کردەوە لە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و پاڵپشتیکردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ھێنانەدی داواکاری و مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین.
بەرهەم ساڵح جەختیشی کردەوە لە پیویستی هەماهەنگی و کاری جددی لە سەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکان و پاراستنی مافی گەلی فەڵەستین و رێگریکردن لەو دەستدرێژیانەی رووبەڕووی دەبنەوە.