پێکدادان لە نێوان پەکەکە و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رویدا

(0) / جهان


May 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەکەکە و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان روی دا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کەناڵی ڕووداو بڵاوی کردەوە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان تەقەیان لە هێزێکی پێشمەرگە کردووە لەو کاتەی سەرقاڵی چاککردنی رێگەیەک بوون لە نزیک خاڵێکی چاودێریی خۆیان.
لەمبارەیەوە هەڵگورد نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران ڕایگەیاند: "کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئایاری 2021،  ژمارەیەک چەکداری پەکەکە تەقەیان لە هێزێکی پێشمەرگەی لە چیای بۆلێی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان کردووە، بەڵام تەقەکردنەکە هیچ زیانێکی نەبووە".
هەروەها لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئێمە دەمێکە لەو ناوچەیەین و هێزەکانمان ویستویانە رێگەی هاتووچۆیان چاکبکەنەوە، کەچی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە تەقەیان لە پێشمەرگەکانمان کردووە و ئێمەش بە تووندی وەڵاممان داونەتەوە".
لە ماوەکانی رابردوودا چەند جارێک تەقە و ناکۆکی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و پەکەکە بەتایبەت لە چەند ناوچەیەکی سنووری سۆران و لە پارێزگای دهۆکیش روویداوە.
هێشتاکە پەکەکە هیچ کاردانەوەیێکی بەم هەواڵە نەبووە.