نوێنەری تایبەتی مەسعود بارزانی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی فەڵەستینی ئیدانە کرد
بە ئامادەبوون لە کۆنسوڵخانەی فەڵەستین لە هەولێر، هێمن هەورامی بە نوێنەرایەتی لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، تاوانەکانی ئیسرائیل دژی فەڵەستینی ئیدانە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هێمن هەورامی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە نوێنەرایەتی لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە کۆنسوڵخانەی فەڵەستین لە هەولێر ئامادەبوو و تاوانەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستینی ئیدانە کرد.
هەورامی هاوخەمی خۆی لەگەڵ گەلی فەڵەستین کە لە ژێر هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دان و بە دەیان هاووڵاتیانی مەدەنی بوونەتە قوربانی، ڕاگەیاند.
پیشتریش کەسایەتی دیاری بنەماڵەی بارزانی و هەرێمی کوردستان لە نامەیێکیدا بۆ سەرکردەکانی فەڵەستین ستایشی خۆڕاگری ئەو گەلەی کرد.
ئەدهەم بارزانی نامەیێکی بۆ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و زیاد نەخاڵە ئەمینداری گشتی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، نارد.
ئەدهەم بارزانی لەو نامەیەدا ستایشی خۆڕاگری گەلی فەڵەستینی کرد لە بەرامبەر دوژمنکاری و شەڕەنگێزیی ڕژێمی زایۆنی و جەختی کرد " لە گەڵ خۆڕاگری قارەمانانەتانم دژ بە ئیسرائیل و پشتیوانتانم."
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەوەی ئێستا لە سەر خاکی فەڵەستین ڕوو دەدات، دەسدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافە ڕەواکانی فەڵەستینی بریندار و شوێنە پیرۆزەکان، لە شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا و یەکەم ڕووگەی موسڵمانان.
تێبينيێك بنێرە: