هۆشداریی پلاسخارت لەمەڕ مەترسییەکانی ناکۆکیی و جیاوازییەکان بۆ سەر مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان

(0) / کردستان


May 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، هۆشداریی دەدات لە مەترسییەکانی ناکۆکیی و جیاوازییەکان بۆ سەر "ئۆتۆنۆمی" و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت،"هەرگیز وامه‌زانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمييه‌ هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە".
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە وتارەکەیدا لە پانێڵی "هەرێمی کوردستانی عێراق: دەستوور و یەکڕیزی" کە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، باسی گرنگیی یەکڕیزیی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئەوەی بە "کلیلی بەردەستی لایەنەکان بۆ دەربازبوون لە مەترسییەکان" ناوبرد.
 نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لە فرەئایینی، فرەزمانی و جیاوازییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد کە بە سەرچاوەی بەهێزیی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان ناویبرد و رایگەیاند، "کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونیەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی".
 پلاسخارت رەخنەی لە دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بەسەر رەنگەکاندا گرت کە "بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی" وایکردووە رێگربێت لە هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی و گوتی: "هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی زەرد و "سەوز" یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە".