حکومەتی هەرێم  تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەشێکی زۆری بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە

(0) / جهان


May 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەت لە زۆربەی بۆنەو كردنەوەی پرۆژەكاندا باس لەوەدەكات ئەم كابینەی حكومەتە ئەو بەڵێنانەی كە بەهاووڵاتیانیداوە جێبەجێی كردوون، بەڵام بە وتەی بەشێک لە پەرلەمانتاران زۆربەی زۆری ئەو بەڵێنانەی لە كارنامەی ئەم كابینەیەدا بڕیاربوو جێبەجێ‌ بكرێن جێبەجێ‌ نەكراون و چاكسازیش لە خەرجی و داهات نەكراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عوسمان سێدەری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو بەڵێنانەی كە ئەم كابینەی حكومەتە بە هاووڵاتیانیداوە جێبەجێیان بكات، زۆرینەیان هەرباسیشیان لێوە نەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا كە باس لە یاسای چاكسازی دەكرێت وەك دەستكەوتێكی گەورەی ئەم كابینەیە ئەوەنەبوو كە لە چاوەڕوانی ئێمە و هاووڵاتیاندا بوو، چونكە خودی یاساكە بڕگە و مادەی باشی تێدایە كە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت بەڵام دەبینین شتێكی ئەوتۆ نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەت دەبێت هاوسەنگی ڕابگرێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگاكانی هەرێم و نابێت جیاوازی بكات لە نێوان شارەكاندا، بەڵام زۆرینەی هاووڵاتیان بە تایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین پێیان وایە كە ناوچەكانیان لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری پشتگوێ‌ خراوە، ئێمەش بۆچوونی ئەم هاووڵاتیانە بە هەند وەردەگرین و نابێت حكومەت بەو ئاراستەیە كار بكات.

رووپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ SNNی ڕوونكردەوە: لەكاتی دەنگدان بەم كابینەی حكومەتی هەرێمە كۆمەڵێك بەڵێن و بڕیاری زۆر باش لە كارنامەی كابینەكەدا هەبوون كە هاووڵاتیان هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو بەڵام بەداخەوە ئەو بەڵێن و بڕیاریانە تەنها لەسەر مەرەكەبی سەر كاغەز ماونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەت بەڵێندا داهاتی نەوت شەفاف بكات، هەلیكار دابین بكات، پاشەكەوتی مووچە نەهێڵێت داهاتی خاڵە گومرگییەكان بگێرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و چەندین بەڵێنی گەورەی داو بە هاووڵاتیان، بەڵام نەك هەر جێبەجێ‌ نەكران بەڵكوو بەناوی خۆگونجاندنەوە درێژەدرا بە لێبڕینی مووچە و ئەو یاسای چاكسازییەشی ئەوان وەك دەسكەوتێكی گەورە باسی لێوە دەكەن ئەوەی گرنگە جێبەجێی بكرێت تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.