سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دارایی

(0) / اجتماعی


May 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەمڕۆ (20ی ئایار) شاندێكی باڵای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازیان لێكرا و لە دیداری نێوانیان باس لە كێشە و گرفت و كارەكانی مەرزی پەروێزخان كرا.

بەپێی  ڕاپۆرتی  زایەڵە ، شاندەكەی وەزارەتی دارایی پێكهاتبوون لە بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری گومركی سلێمانی كە بەیاوەری بەڕێوەبەری گومركی گەرمیان سەردانەكەیان بۆ ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدا.

ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان كردووە بەمەبەستی هەماهەنگی و پتوكردنی پەیوەندییەكان و سوپاسی ئیدارەی گەرمیانیش دەكەین هاوكار و پشتیوانی فەرمانگەكانمان بووە لە سنورەكە و هەر ئەوەش وایكردووە كارەكانان بەشێوەیەكی باش بەڕێوەبچێت.

لای خۆیەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان جەختیكردەوە، لە هاوكار و پشتیوانی ئیدارەی گەرمیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان. هەروەها باسی لە گرنگی مەرزی پەروێزخان كرد و ئەوەی خستەڕوو، مەرزی پەروێزخان مەرزێكی گەورە و پڕ جموجوڵی بازرگانییە و لەگەڵ ئەوەی داهات بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات، رۆڵێكی باشی هەیە لە خزمەتكردن بە گەرمیان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاوڵاتیانی ناوچەكە.

دواتر باس لە كێشە و گرفتەكانی مەرزی پەروێزخان و رێكارەكانی كردنەوەی مەرزی تیلەكۆ لە سنوری ناحیەی مەیدان كرا و هەردولاش جەختیان لە گرنگی دابینكردنی خزمەتگوزاری ناو كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان كردەوە و لەوبارەوە شاندەكەی وەزارەتی دارایی دڵنیاییدا بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەكانیان بە گەڕخستووە كە لە رێگەی ماستەر پلانی كۆمەڵگەكەوە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ناو مەرزەكە جێبەجێدەكرێت.

 

کامەران کەریم