شیروان میرزا: هەر بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێم دەكرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران دابین بكرێت

(0) / اقتصادی


May 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، بە پێی یاسا ئەو پرۆژەیاسایەی بودجە كە دەنگی لەسەر دراوە بۆ ساڵی 2021 دەبێت، واتە لەسەرەتای ساڵەوە كاری پێدەكرێت بە پشكی كوردیشەوە، ده‌شڵێت: دەبێت جیاوازی ئەو پێنج مانگەی كە بەسەر جێبەجێكردنی بودجەدا تێپەڕیوە ڕەوانەی هەرێم بكرێت.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی ئێس ئێن ئێن ڕاگەیاندوه‌: بە گوێرەی یاسا بودجەی گشتی عێراق بۆ تەواوی ساڵی 2021 دەبێت، ڕاستە چەند مانگێك بەسەر تێپەڕاندنی بودجەدا تێپەڕیوە، بەڵام لە یاساكەدا ئەوە هاتووە كە بودجە لە 1/1/2021 ەوە كاری پێدەكرێت، بۆیە ئەو چوارمانگەی كە بەسەر تێپەڕاندنی بوودجە تێپەڕی بڕی داهات و خەرجییەكان لە بودجەی گشتیدا جێگەیان دەكرێتەوە.

رونیشیكردۆته‌وه‌، ئەوەی پەیوەستە بە پشكی هەرێم، هاوشێوەی بودجەی گشتی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، واتە دەبێت جیاوازی ئەو پێنج مانگەی كە بەسەر جێبەجێكردنی بودجەدا تێپەڕیوە ڕەوانەی هەرێم بكرێت، هاوكات هەر لەناو یاسای بودجەشدا بڕگەیەك دانراوە كە دەبێت هەر بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێم دەكرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران دابینبكرێت، واتە دەبێت ئەو لە%21 بگەرێندرێتەوە كە لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراوە.

هاوكات ماڵپه‌ڕه‌كه‌ لەسەر هەمان پرس له‌ زاری بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆته‌وه‌، ڕاستە بە گوێرەی یاسا دەبێت بودجەی عیراق بە پشكی هەریمی كوردستانیشەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە كاری پێبكرێت، بەڵام تا ئیستا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە هیچ برەپارەیك ڕەوانەی هەرێم نەكراوە بۆ ئەوەی ئێمەش بڕیار بدەین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پارەیەدا بكەین.

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژەی بەوەشكردوه‌، ئەوەی تا ئیستا بۆ پارەی مووچەی فەرمانبەران دابینمانكردووە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆیە، بۆیە لەحاڵەتی ناردنی پشكی هەرێم بۆ پێنج مانگی ڕابردوو، دەبێت جیاوازی بڕی داهات و پارەی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ بەغدا یەكلا بكرێتەوە ئەو بڕە پارەی وەك پشكی هەرێم دەمێنێتەوە بە شێوەی (مەقاسە) ڕەوانە بكرێت دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاردەدات ئەو پارەیە چۆن خەرج بكات.