تەئكیدی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر بایەخی پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی لەگەڵ گۆڕان

(0) / کردستان


May 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەكێتی تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی و بایەخی پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و لێكتێگەیشتنی چەند لایەنێكی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق .
بەپێی   ڕاپۆرتی   زایەڵ، ئەمرۆ 20-5-2021 بە سەرپەرشتی هاوسەرۆكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە سلێمانی كرد،
لە كۆبوونەوەكەدا كە چەند تەوەرێكی گرتبۆوە خۆی، ئەنجومەنی سەركردایەتی تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی و بایەخی پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و لێكتێگەیشتنی چەند لایەنێكی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە وا بڕیارە رۆژی-10-10-2021 ئەنجامبدرێت.
 كۆبوونەوەكە ڕوونیكردەوە ئەم هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنە دەبێتە مایەی ئارامی و تەبایی و یەك ریزی كوردستانی كە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسی زۆر پێویستن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی هەروەها وێرای پیرۆزبایی لەسەرجەم كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و رێكخستن و هەڤاڵانی یەكێتی بە بۆنەی 46 هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و 45 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆرشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال، ئۆرگانەكانی راسپارد بە رەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكانی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا، یادە مەزنەكە بە جۆش و خرۆشی یەكێتیانەوە بكەنەوەو راگەیاندنە جیاجیاكانی یەكێتی-یشی راسپارد ئەو ئەركە حزبی و نیشتمانیە جێبەجێ‌ بكەن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆبوونەوەكەیدا هەڵوەستەی جددی لە ئاستی رەوشی ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاریی، ناوچە جێناكۆكەكان بە گشتی و كەركوك  و خانەقین بەتایبەتی كرد و پێی وابوو باشترین رێووشوێنی دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكان لەو ناوچانە بە سەرخستنی ژیرانەی بەرنامەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكان دەبێت.
لەباسی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا، ئەنجومەنی سەركردایەتی تەئكیدیكردەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پەسەندكراوەو دەبێتەی مایەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
بەشێكی تری كۆبوونەوەی تایبەت بوو بە ژیانی رێكخراوەیی حزبی.
کامەران کەریم