سەدر وازهێنانی یەکجاریی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق ڕاگەیاند

(0) / / عراق / زایەڵە سەدر سیاسەت حائیری


Aug 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر وازهێنانی یەکجاریی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق ڕاگەیاند و بڕیاری داخستنی سەرجەم دام و دەزگاکانی سەربە ڕەوتی سەدری دەرکرد جگە لە مەزارگەکەی باوکی.

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ دووشەممە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “زۆرێک لەوان لەنێویشیاندا بەڕێز حائری پێیانوایە ئەم سەرکردایەتییە بە فەرمان و ویستی ئەوان هاتووەتەبوون، نەخێر، ئەمەبە فەزڵی خوایە بە پلەی یەکەم و پاشان بە فەرمانی بەڕێز باوکی پیرۆزە کە دەستبەرداری عێراق و خەڵکەکەی نەبوو”.

وتیشی، “سەرباری وازهێنان و خانەنشینبوونی، بەڵام نەجەفی ئەشرەف هەر بارەگای گەورەی مەرجەعیەتە وەک هەمیشە”.

جەختی لەوەش کردەوە، “هەموو ئەوەی دەمویست ئەوەبوو هێزە سیاسییەکانی شیعە نزیک بکەمەوە لە جەماوەری عێراق تا هەست بە ئازارەکانیان بکەن”.

دووپاتیشی کردەوە، بڕیارمدابوو دەستوەرنەدەمە کاروبارە سیاسییەکانەوە و ئێستاش وازهێنانی کۆتایی ڕادەگەیەنم و سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە ڕەوتی سەدر دادەخەم جگە لە مەزارگەی شەریف و مۆزەخانەی شەریف و دەستەی شوێنەواری ئالسەدر، ئەگەر مردم یان کوژرام، داوای فاتیحە و نزاتان لێدەکەم.