یەکشەممە لەم ناوچانە باران دەبارێت

(0) / زایەڵە کەشناسی


Oct 08, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی نمەباران و لە دهۆک لێزمەباران دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە دەستەی کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی یەکشممەوە لە ئەنجامی بوونی نزمە پاڵەپەستۆیەک لە ناوەڕاستی ئەوروپاوە بۆسەر دەریای ناوەڕاست کە بارستە ھەوایەکی مامناوەندی ساردی لەگەڵدایە پلەکانی گەرما دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن.
ئاراس جەبار دەشڵێت، پێشبینی چالاکبوونی هەورەبروسکە و بارانی بە لێزمە دەکرێت بە تایبەتی لە ناوچە جیاجیاکانی سنوری زاخۆ و پارێزگای دهۆک، هاوکات پلەکانی گەرما لەو ناوچانە نزیکەی نۆ پلە دادەبەزن.
سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی هەرێم ئاماژەی بەوەدا،کەشوهەوا و ئاسمانی ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پێشبینی نمەبارانێکی کەمدەکرێت.
لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و کەرکوک پلەکانی گەرما بە رێژەی چوار بۆ شەش پلە دادەبەزن و لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین پلەکانی گەرما زیاتر لە سێ پلە دادەبەزن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژەکانی دووشەممە و سێشەممە و ناوەراستی هەفتەی داهاتوو کاریگەری گەرما بە یەکجاری کۆتایی دێت و کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێم بە گشتی فێنک دەبێت و لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێم هەست بە سەرما دەکرێت.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە ٥ی تشرینی یەکەم دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو باران دەبارێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن و کەشناسی هەرێمیش دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم