مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن بڕیای دا

(0) / / کردستان / زایەڵە هەڵبژاردن یەکێتی پارتی کوردستان


Apr 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن بڕیای دا.

دەقی راگەیندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی 

مەکتەبی سیاسیی  بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە  لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).

لە کۆبوونەوەکەدا  کە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان  بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو ، هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی  کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی  باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە،  هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە  کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە  لە ئاماژە جەوهەرییەکانی  پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ  داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

مەکتەبی سیاسیی  هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی  ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان  و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان  بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە،  کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی  سەردانەکەی بە سەرکەوتوو  و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی  پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤

 

 

 

 


کامەران کەریم