هۆڵندا: کاردەکەین بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە سلێمانی
(0) /
زایەڵە - جێگری کۆنسوڵی گشتی هۆڵندا و ڕاوێژکارانی کشتوکاڵی و ئابوری کۆنسوڵیەت سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و شێنێ ئختیا، جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ڕێکەوتی ۲٠۲٤/٥/۱٤ پێشوازیانکرد لە جۆرت پۆستموس،جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵندا لە هەولێر لەگەڵ ڕاوێژکاری کشتوکاڵ و ئابوری کۆنسوڵیەت.
لەبارەی سەردانەکەیانەوە جۆرت پۆستموس،جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵدا رایگەیاند” ئامانجمان بەهێزکردنی پەیەوەندیەکانمانە لە گەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کارکردن لەسەر بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەپارێزگای سلێمانی”
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کاری ئەوەیە پەیوەندیە بازرگانیەکا بەهێزبکات وە حکومەتی هەرێم گرنگی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە پارێزگای سلێمانی ناوچەیەکی زۆرلەزەوی کشتوکاڵی هەیە وە لەڕوی پێداویستی ئاوەوە ڕێژەیەکی گونجاومان هەیە بۆ کشتوکاڵ، لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین بەرهەمی سەوزەو میوە بەرهەم دێت و هەناردە دەکرێت بۆ تەواوی پارێزگاکانی عێراق و دەرەوەی هەرێم”.
راشیگەیاند” پارێزگای سلێمانی زۆرترین خانوی پلاستیکی لەخۆدەگرێت بۆ بەرهەم هێنانی سەوزە، هەربۆیە جوتیاران زانیاری و شارەزایان پەیداکردووەلە بەرهەم هێناندا بەڵام پێویستیان بە هاوکاری زانستی زیاتر هەیە لە چۆنێتی پێشکەوتن و بەرهەم هێنان و گەشەی تەندروستی سەوزەو میوە وەچۆنێتی پێدانی ڕێنمای لە بەکار هێنانی ئەو دەرمانانەی بەکار دەهێندرێت بۆ پاراستن و پێشخستنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد “لەئێستادا بەرهەمی پەتاتە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە کارگە جیهانیەکان لەپارێزگای سلێمانی لقیان هەیە ئەو ڕێژە پەتاتەیە وەردەگرنەوە و بەکاری دەهێنن ئەمەش پشتیوانیەکی بەهێزە بۆ جوتیاران، دامەزراندنی کارگەی پیشەسازی خۆراکی هاندەرێکی باش دەبێت بۆ زیدکردنی بەرهەمی جۆراوجۆری جوتیاران”.
نەوزاد غەفور جەختی لەوە کردەوە، ژووری بازرگانی هەوڵ دەدات زۆرتین بەرهەمی جوتیاران لە بازاڕەکانی عێراقدا ساخبکاتەوەو پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆی دەکات، وە پارێزگای سلێمانی لەبەرهەم هێنانی پەلەوەردا سێ بەرامبەر لەخواستی بازاڕ دابیندەکات، ئەوەش وایکردووە کێشەی بەبازاڕکردن دروست ببێت، زۆرجار ڕێگری دەکرێت تا بەزندوی مریشک بگاتە شارەکانی خواروی عێراق، هەربۆیە دەتواندرێت وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بکرێت لەڕێی دامەزراندنی سەربڕخانەی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە باوەڕمان وایە داهاتوی کشتوکاڵ لە نەوت باشتر دەبێت هەربۆیە. ژووری بازرگانی هاوکای تەواوی وەبەرهێنەران دەکات لە هەرپرۆژەیەک بیانەوێت لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامی بدەن، وە گرنگی تەواو بە کەرتی ئاژەڵداری و گاوداری دەدەین تا وەبەرهێنە هۆڵندیەکان بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی پارێزگای سلێمانی بتوانن لەو کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشکرد، ژووری بازرگانی سلێمانی خاوەنی پێشانگای نێودەوڵەتیە هاوکاریان دەبێت تا پێشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی ووڵاتی هۆڵندا و کۆمپانیا ڕاوێژکاریەکان بکەنەوە و نمایشی بەرهەمەکانیان بکەن بۆ جوتیاران و بازرگانان تا پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستبکەن.
لەکۆتای کۆبونەوەکەدا، جۆرت پۆستموس،جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵدا سوپاسی زانیاریەکانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کردوو رایگەیاند” خۆشحاڵم بە بیرکردنەوەی سەرۆکی ژوور بۆ پێشخستن و پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ کە جێگەی دڵخۆشکەریە بۆئەوەی هاوکاربن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بۆ دەرەوەی هەرێم”.
ئەوەشی ڕونکردەوە، لە پارێزگای سلێمانی خولی راهێنان بۆ جوتیاران کراوەتەوە وە خولی بەرەوپێشبردنی جوتیارانیان هەیە بۆ بەرهەمەکانی سەوزەو میوە، لەگەڵ بەرهەم هێنانی سەوزە بە شێوەی هایدرۆ پۆنیک وە خولی تایبەت بۆ جوتیاران دەکەینەوە بەبەردەوامی لە پارێزگای سلێمانی
راهێنانەکان بۆ جوتیاران بەردەوام دەبێت لە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و پەلەوەریدا بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری جوتیارانبین.
تێبينيێك بنێرە: