راگەیەندراوێكی بەپەلە لە وەزارەتی داراییەوە، لیستی مووچەخۆران بۆ بەغداد نێردرا

(0) / / اقتصادی / زایەڵە دارایی مووچە بەغدا


May 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە -  وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، دووەمین لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بانكی بازرگانیی عێراقی نێردرا.
 
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست زایەڵە  كەوتووە و تێیدا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە لە چوارچێوەی پڕۆسەی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بە پشتبەستن بە رێككەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ بانكی بازرگانیی عێراق بۆ ناردنی زانیاریی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەك، وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستیكرد بە ناردنی زانیاریی 453 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان.
 
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكومەتی هەرێم بەردەوامدەبێت لە ئامادەكردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران كە ئەم بانكە هەڵدەبژێرن بەپێی ئەو پڕۆسەیەی كە بانكی ناوەندیی عێراق پەسەندیكردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانكەكە ئامادەدەكات.
 
وەزارەتی دارایی هەرێم راشیگەیاندووە، حكومەتی هەرێم بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاریی پێویستە دەربارەی پڕۆسەی كردنەوەی هەژمارەكان و چاپكردنی كارتەكان بۆ ئەوفەرمانبەرانەی كە وا هەفتەی رابردوو زانیارییەكانیان بۆ بانكی ناوبراو نێردرابوو و هیوادارین بانكی بازرگانیی عێراقی زووترین كات دەست بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی خوازیاربكات.    
 
کامەران کەریم