زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ڕادەگەیەنێت؛ ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێشوودا کەموکوڕی زۆری تێدابوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری حزب و شارەزایانی بواری هەڵبژاردن تێبینیان لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆنەکە هەبووە.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەیێکی کەناڵی کوردستان 24، گوتی: عێراق ژێرخانێکی تەکنەلۆجی و سەرچاوەی مرۆیی تەواوی لەبەردەستدا نییە، بۆیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە ماوەیەکی درێژترە لەوەی کە کۆمیسیۆنەکانی وڵاتانی دیکە پێویستییان پێیەتی بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن.
بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: تۆماری دەگندەران لە عێراق بە شێوەیەکی بەردەوام نوێ ناکرێتەوە، داتایەکی فەرمی ناوەندیی نییە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا داوا بکرێت و ئامادە بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەک لە حزب و شارەزایانی هەڵبژاردن تێبینییان هەبوو لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەروەها نەبوونی پەنجەمۆری نزیکەی 2 ملیۆن 11 هەزار و 273 دەنگدەر لە هەموو عێراقدا جێگەی پرسیارە، دەبوو پێش ئەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە پرسیار لە کۆمیسیۆن بکرابایە لەسەر ئەو کێشەیە.
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کاروان جەلال، گوتی: هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام دەبێت سەرەتا گرفتە تەکنیەکییەکان چارەسەر بکرێن، لە هەرێمی کوردسان 355 هەزار و 506 هاووڵاتی کێشەی نەبوونی پەنجەمۆریان هەیە، لەم ڕێژەیەش هەولێر 14%ـی بەرکەوتووە.
هاوکات گوتیشی: لە سلێمانیش 13%ـی هاووڵاتییان کێشەی نەبوونی پەنجەمۆریان هەیە، هەروەها پێویستە کۆمیسیۆن ماوەیەک دابنێت بۆ ئەوەی کێشەی پەنجەمۆر چارەسەر بکات.
رۆژی (22ـی ئایاری 2024) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 167 پەرلەمانتار کۆبوونەوەی ژمارەی 26ـی خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بەست و تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ شەش مانگ درێژ کردەوە.
(23ـی ئایاری 2024) دڵشاد شەهاب، گوتهبێژی سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی داواکاریی لایەنە سیاسییەکان بە دەستەی دادوەری بداتەوە، بۆ ئەوەی دەستەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
گوتیشی: پێشبینی دەکرێت لەم ڕۆژانەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێداچوونەوە بە کار و پلانەکانیدا بکات، "ئێمەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەنگاوەکانی کۆمیسیۆن دەکەین، چونکە کۆمیسیۆن تاوەکوو ئیستاش پابەندە بەو کات و وادەیەی بۆ دەست نیشان کراوە، ئەگەر نەتوانێت بە گوێرەی بڕیاری دەستەی دادوەری لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە پرۆسەکە بەڕێوەببات، دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە".
تێبينيێك بنێرە: