لە شاخەکانی دەڤەری باڵەکایەتی خولی سەر بەفر و سەھۆڵ بەڕێوەچوو

(0) / / ورزش / زایەڵە شاخەوانی باڵەکایەتی


Jun 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـــ بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، چوارەم خولی تایبەت بە بەفر و سەھۆڵ بۆ گرووپەکانی شاخەوانیی بەڕێوەبرد.

بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی شاخەوانانی کوردستان و بە ئەکادیمی کردنی ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستاندا، بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆن، خولی سەربەفر و سەھۆڵی بۆ شاخەوانان و گرووپەکانی شاخەوانیی  بەڕێوەبرد.

ئەم خولە لە  لە ناوچە شاخاوییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی، لەژێر چاودێری و  بەشداری  ڕاستەوخۆی《هێمن ئەمین》سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان و  ژمارەیەکی زۆر لە شاخەوانان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەڕێوەچوو.

ئەو خولە یەکێکە لەو خولە گرنگانەی کە لەچوارچێوەی خولەکانی پەیوەست بە زنجیرە خولەکانی "ڕێبەری کوێستان" کە بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆن، ماوەی نزیکەی چوار ساڵە بەشێوەیەکی ورد و پێشوەخت پلان بۆ داڕێژراو کاری لەسەر دەکات.

بەشداربووانی  ئەم خولە لە کاتی مەشقکردنیاندا، بە تەکنیکەکانی ڕۆیشتن لەسەر بەفر و سەھۆڵ، چۆنیەتی خۆگرتنەوە لەسەر سەھۆڵ و بەفر لەکاتی خزین و کەوتندا، درووستکردنی سەکۆی ڕاوەستان لەکاتی ڕۆیشتن لەسەر بەفر و سەھۆڵ لە گەشتە شاخەوانییەکاندا، بەکارھێنانی کرامپون و ھەروەھا تەکنیکی بەکارھێنانی قوڵنگی شاخەوانیی و چەندین بابەتی گرنگی تر ئاشنا کران.

وانەکانی ئەم خولە، لەڕێگای مامۆستا و ڕاھێنەری ناوخۆییەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا کە لەلایەن بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانەوە مۆڵەت و بڕوانامەیان پێدراوە.

ئەم خولانە لە داھاتووشدا بەردەوامییان دەبێت. ئەوەش وەکوو ھەوڵ و ھەنگاوێک بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاست و توانای شاخەوانانی کوردستان و ئاشناکردنیان بە زانستەکانی دنیای شاخەوانیی کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی شاخەوانیی(UIAA)ەوە پەسند کراون.

بەشی تەکنیک و فێرکاریی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، لەڕێگای کردنەوەی خول، سیمینار و ۆرکشۆپ، ھەروەھا  ئەنجامدانی گەشتی زانستیی شاخەوانییەوە، ھەوڵدەدات کەسانی شارەزا، پسپۆڕ، ڕاھێنەری بە ئەزموون و لێھاتوو پەروەردە بکات کە بۆ داھاتووی وەرزشەکانی شاخ و شاخەوانیی لە کوردستاندا ببنە ھەوێن و بەردی بناغەی شاخەوانییەکی ستاندارد و پێشکەوتوو.

فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
بەشی ڕاگەیاندن