سعودیه‌ داواكاریه‌كى هه‌رێم له‌باره‌ى حاجیانه‌وه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

(0) / / کردستان / زایەڵە ئەوقاف پشتیوان سادق سعودیە


Jun 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزیری ئەوقافی هەرێم ئاشكرایده‌كات، داوایان لە سعودیە کردوە کە ڕێگە بەو حاجیانەی هەرێمی کوردستان بدەن کە بە "ڤیزەی گەشتیاری" چونەتە سعودیە، فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە ڕەتیکردوەتەوە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى حه‌ج‌و عومره‌ى هه‌رێمیش ژماره‌ى ئه‌و حاجیانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ به‌و ڤیزایه‌ گه‌شتى سعودیه‌یان كردوه‌.
 
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێم لەیەکەم ڕۆژی جەژن‌و لەیەکێک لەمزگەوتەکانی هەولێر وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوەو لەبارەی حەجکردن بە"ڤیزەی گەشتیاری" وتی:"سعودیە پێی وتین ناتوانین لەناو ئەوکەسانەی بەڤیزای گەشتیاری هاتون، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جیابکەینەوەو فەریزەی حەج ئەنجامبدەن."

لەهەرێمی کوردستان ئەمساڵ خەڵكێکی زۆر لەڕێگەی ڤیزەی گەشتیارییەوە چونەتە حەج، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ کاروان ستونی وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج‌و عومرەی هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکات 10 هەزار کەس لەهەرێمی کوردستان لەو ڕێگەیەوە هەوڵی حەجکردنیان دابێت، بەڵام وتیشی "بەشێکیان نەیانتوانی حەج بکەن‌و گەڕانەوە، بەشێکیشیان لەجەددەن‌و نەیانتوانی بگەنە مەککە".
 
پێشتریش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج‌و عومره‌ی هه‌رێم ئاشكرایكردبوو، "ئەمساڵ پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی هەرێم‌و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حه‌ج‌و عومره‌وه‌ بۆ ئەو حاجیانەی بەوشکانی‌و ئاسمانی چونه‌ته‌ سعودیه‌، زۆر بە پرۆفیشناڵی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمساڵ سعودیە شێوازێکی نوێیان بۆ بەڕێکردنی حاجیان بۆ کێوی عەرەفە پەیڕەو کرد".
 
به‌وته‌ى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌، "بڕوا ناکەم کەس دەستبەسەر کرابێت، بەڵام ئەو خەڵکانەی لەشاری مەککە نیشتەجێبون‌و ڤیزەی حەجیان نەبووە، خەڵکی هەموو وڵاتێکی تێدایە، سعودیە لەوبارەوە دەڵێت 500 هەزار کەس بەبێ هەبوونی ڤیزەی حەج، هەوڵی حەجکردن دەدەن".